کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەفتالی بێنێت: ئیسرائیل دەبێ بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکان و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە

10:34 - 15 رەزبەر 2724

نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە ئێستادا بەمەبەستی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێ دامەزراوە ناوکییەکان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بەرژەوەندییە سەرەکییە ئابوورییەکانی تاران بکاتە ئامانج.

بێنێت لە پۆستێکیدا لە لاپەڕەی ئیکس ڕەخنەی لە قسەکانی جۆ بایدێن گرت کە داوای لە ئیسرائیل کردووە هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و هێرشی تۆڵەسەندنەوەکەی دژی کۆماری ئیسلامی ڕێژەیی بێت و وتی: ''کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج و لە ڕێگەی گرووپەکانییەوە لەوانە حەماس و حیزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی ئیسرائیل دەورە داوە.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە حیزبوڵڵا نزیکەی ١٠ هەزار ڕاکێتی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و دەیان کەسی مەدەنیی کوشتووە و لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نزیک ٢٠٠ مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لە مانگی خاکەلێوەشدا ٣٥٠ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد .

ناوبراو وتی: بەبێ تەکنۆلۆژیی پێشکەوتووی ئیسرائیل، مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانتوانی هەزاران کەس بکوژن.

بێنێت بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل دەبێ هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییە سەرەکییە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران بکاتە ئامانج و فەلەجیان بکات، وتی: "هەموو ئەم ڕێوشوێنانە تەنیا بەشێکی کەمن لەوەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل دەیکات.''

ناوبراو وتیشی دواجار دەبێ ئامانجی سەرەکی ئەوە بێت کە ئیسرائیل پێش ئەوەی ڕێژیمی دڕندە، گەندەڵ و ناکارامەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت. ئەم جۆرە کارانە کاتیان پێویستە، بەڵام وەڵامی ئەم حەوتوویە پێویستە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە دەست پێبکات''.