سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەر، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئیسلامی تۆمار کراوە، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل پابەندە بە وڵامدانەوەی ئەو هێرشە.
بێنیامین نێتانیاهوو جەختی لەوە کردەوە هەر وەک چۆن هیچ وڵاتێکی جیهان هێرشێکی لەو شێوەیە قەبووڵ ناکات، ئیسرائیلیش هەرگیز تەحەمولی کردەوەیەکی لەو شێوەیە ناکات.
هەروەها ناوبراو وتی کە تا ئێستا ڕێژیمی ئیسلامی دوو جار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ئەرتەشی ئیسرائیلیش لە گەورەترین هێرشی مووشەکی بالیستیک لە مێژووی خۆیدا ڕێگریی لە سەدان مووشەک کردووە و خستوویەتە خوارەوە، بەڵام ئێمە وڵامی ئەم هێرشانە دەدەینەوە.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی گونجاو وڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە و درێغی ناکات لەو کارە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر لە کاردانەوە بە هەموو چالاکییەکانی ئیسرائیل لە یەک ساڵی ڕابردوو و کوشتنی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بە ١٨٠ مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، و بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ٩٠ لەسەدی ئەو مووشەکانە پێش ئەوەی بەر ئیسرائیل بکەون لەناوچوون و ١٠لەسەدی دیکەش هیچ زیانێکی ماڵی و گیانیی بەرچاوی نەبووە.
بەڵام ئەو کاتیش ئیسرائیل دەستبەجێ جەختی لەوە کردەوە کە بە توندی وڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە.