کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ گرانکردنی بەنزین

11:03 - 15 رەزبەر 2724

هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕێژیم باسی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی بەنزین لە ٦٠ لیترەوە بۆ ٥٠ لیتر لە هەر جارێکدا کردووە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی بەنزین لە هەر جارێکدا، کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم هەوڵانەی دەوڵەت لە درێژەی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی گرانترکردنی بەنزین و تاقیکردنەوەی ڕای گشتی بەنیسبەتی ئەم سیاسەتەیە.

دەوڵەتی چواردەیەم پاش چەند ڕۆژ لە هاتنەسەرکاری بابەتی گرانکردنی بەنزینی خستە بەر باس.

مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندبوو کە ئەم نرخەی ئێستای بەنزین زۆر کەمتر لەو شتەیە کە دەبێ ببێت و بە وتەی خۆی هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە کە بەنزین بەم نرخە ڕادەستی خەڵک بکرێت.

تەسنیم لە هەواڵەکەیدا زیادی کردووە کە ڕێژەی وەرگرتنی بەنزین بە کارتی ئازادی سووتەمەنیی پۆمپ بەنزینەکان لە ٨ هەزار لیترەوە بۆ ٧ هەزار لیتر لە ڕۆژێکدا دابەزیوە و هەروەها پۆمپ بەنزینەکان تەنیا ٢٥٥ جار دەتوانن لە ڕۆژێکدا ئەم کارتانە بەکار بهێنن.

دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا ڕێژەی بەرهەمهێنانی بەنزین و هاوردەکردنی پێویستی بەنزینی کەم کردووەتەوە و خەڵکی تووشی گرفتی نەبوونی بەنزین لە شارەکانی ئێراندا کردووە.

ڕۆژنامەکانی ڕێژیم لە هەر دوو بەرەی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز لەم ماوەیەدا بەردەوام خەریکی ئامادەکردنی ڕای گشتیی بۆ گرانگردنی بەنزینن.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "ئێعتماد" سەر بە بەرەی ڕێفۆرمخوازەکان بۆ پشتیوانی لە قسەکانی پزشکییان و گرانکردنی نرخی بەنزین نووسی: "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت هەوڵی داوە تا لە ڕێگەی دیکەوە ڕێژەی بەکارهێنانی بەنزین لە وڵاتدا کەم کاتەوە بەڵام هیچ یەک لەم ڕێگایانە وڵامدەر نەبوو".

لێکۆڵەرانی ئابووری لەسەر ئەو بڕوایەن کە دەوڵەت لە هەوڵدایە تا ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سەر شێوازی دابەشکردنی بەنزین پێک بێنێت و هەموو میدیاکانی خستوونەتە کار تاکوو لەم پێوەندییەدا ڕای گشتیی خەڵک ئامادە بکەن.

دەسەڵات بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستای نێوخۆ و ناوچەکە لە کاردانەوەی خەڵک بەنیسبەت گرانکردنی بەنزین وەک ئەو شتەی کە ساڵی ١٣٩٨ ڕووی دا، دەترسێت و دەیهەوێت بە فرتوفێڵی نوێ و وردەوردە بەنزین گران بکات.

گرانکردنی بەنزین کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەبێت و دەبێتە هۆی شەپۆلێکی دیکەی گرانی لە هەموو جۆرە کاڵا و بەرهەمهێنراوەکان بەتایبەتی لە بەشی شتومەکە پێویستەکانی ژیانی خەڵک وەک خواردنەکان.