کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، بۆ ٢٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە

11:38 - 15 رەزبەر 2724

سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە لە ٢١ ساڵ بەندکرانەوە بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا.

بەپێی ئەم سزایە کە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە دەرکراوە و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر بە پارێزەرەکەی ژینا مودەڕس گورجی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" بێتاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.  

ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد کەرەمی" بە تۆمەتەکانی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی نیزام" بە ١٠ ساڵ بەندکران، "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و دەوڵەتانی دوژمن" بە ١٠ ساڵ بەندکران و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی سزای دەرکراو، نموونەکانی ئاماژەپێکراو دژی ئەم چالاکە کوردە "دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیڤانۆ بە بیری فێمێنیستی و بە مەبەستی ڕووخاندن"، "بەشداریی ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و وتنەوەی دروشمی پێکهاتەشكێن" "پێوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش"، "بەشداری لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێونەتەوەیی"، "بڵاوکردنەوەی وتار لە سۆشیاڵ میدیا و وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوە بە مەبەستی خراپ نیشاندانی دۆخی وڵات و ئاڵۆزکردنی کۆمەڵگە لە کاتی هەستیاردا پاش مەرگی ژینا ئەمینی" ڕاگەیەندرا.

ژینا ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ و لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کرابوو و هێزەژانی ڕێژیم هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."