کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکرانەوەی سزای دەرکرانی سومەیە ئەختەرشومار، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان

11:40 - 15 رەزبەر 2724

لێژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣دا، سزای دەرکرانی سومەیە ئەختەرشومار لە پەروەردە و بارهێنانی وەکو خۆی پشتڕاست کردەوە.

سومەیە ئەختەرشومار بەفەرمی لە پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنەدا، ئەرکی مامۆستایەتیی لەئەستۆ بووە.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسی، "پەروەردە و بارهێنانی سنە لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان و دەزگای سەرکوت، لە مانگەکانی ڕابردوودا بە دۆسییەسازی دژی چالاکانی مەدەنی دەستیان بە دەرکردن، کەمکردنی پلە و هەڵپەساردنی مامۆستایان لەم پارێزگایەدا کردووە."

ئەم شۆرایە سەبارەت بەم سزایانە ڕایگەیاندووە، "شۆرای هاواهەنگی وێڕای پشتیوانی لە سومەیە ئەختەرشومار و بەدواداچوونی یاسایی بۆ مافەکانی، بەردەوامیی دۆسییەسازی دژی چالاکانی سێنفیی مەحکووم کرد."

جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستا لە بەشی ناوەندیی شاری مەریوان لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە لەم ناوەندە دەر کرا.

پەروەردە و بارهێنانی مەریوان لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماری بە "بڵاوکردنەوەی بابەت بە مەبەستی بێڕێزیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دژی ڕێژیم، ئەندامەتی لە کاناڵە نایاساییەکانی مامۆستایان لە سۆشیاڵ میدیا و تۆمارکردنی بابەت بە مەبەستی هاندان لە کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و فەرهەنگییانی ئێران، داڕشتنی پرسیاری تاقیکارییەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئوپۆزسیۆنی رێژیم و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ حیجاب لە سۆشیاڵ میدیا و پشتیوانی لە دروشمی جیاییخوازانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی بە بێ حیجابی قوتاببیان و نووسینی دروشم لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکەی بە جلوبەرگی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران لە لاپەڕەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بە دروشمی ئەم حیزبانە و ئاڵای کوردستان و نووسینی بابەت لە کاناڵی سەندیکا سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە بە پشتبەستن بە نامەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان سزای دەرکرانی ئەم مامۆستا کوردەی لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا دەر کرد.

سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی ١٧ ساڵ ڕابردووی کاری لە پەروەردە و بارهێنان هەیە.

ئەم مامۆستایە لەدایکبووی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٦ کچی ئەیاز، خێزاندار و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسە.