شەوی شەممە ۱٤ی ڕەزبەری ۱٤۰۳ی هەتاوی، شاعێر و ئەدیبی کورد، مامۆستا حیسامەدین ئەمین، لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا حیسامەدین ئەمین، لەدایکبووی ۱۳۱٥ی هەتاوی لە شاری سنە، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ کوردیی کرماشان لە ساڵەکانی ۱۳٤٥ هەتا ۱۳٥۱ بوو، کە هەر لەوێ لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک یەکتر دەناسن و چەند ساڵێک هاوڕێ و هاوکار دەبن.
ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە هاوکات لە شارەکانی تاران، سنە، کرماشان و چەندین شاری دیکەی ئێران ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتیی لە قۆناغی دواناوەندی ڕاپەڕاندووە، کە لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا بەهۆی دژبەربوونی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە، لەلایەن ساواکەوە بە مەبەستی کوشتن لە تاران بە ماشین لێ دەدرێت و بە توندی بریندار دەکرێت.
هەروەها لە پاش هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، چەند جارێ بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە دەگیردرێت و زیندانی دەکرێت و لە ئەرکی مامۆستایەتی دوور دەخرێتەوە.
شایانی باسە ناوبراو لە قۆناغی مامۆستایەتیدا لە شاری تاران و لە ناوەندی خاڕەزمیدا لەگەڵ شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی هاوکار و هاوڕێ دەبن، و هەروەها یەکێک لە هاوڕێیە نزیکەکانی دوکتور سارم سادقوەزیری، لە دۆستە نزیکەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بوو.
ئەم شاعێرە بە هۆی چەندین جار گیران و پەرشوبڵاوبوونی نووسراوەکانی هیچ بەرهەمێکی لێ چاپ نەکراوە، بەڵام چەند شێعرێکی لەلایەن هونەرمەندانی کورد لەوانە مامۆستا ناسر ڕەزازییەوە کراوەتە گۆرانی.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.