کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ناوەندێکی سەر بە ڕێژیم لە گەشەسەندنی هەژاری لە ئێران

16:54 - 15 رەزبەر 2724

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر چۆنییەتیی دروستبوونی هەڵاوسان و ڕایگەیاندووە کە ناهاوسانییەکانی کۆمەڵایەتی بەردەوام لەحاڵی پەرەگرتندایە.

ئەم ناوەندەی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە کارکردی دەوڵەتەکان لەگەڵ فەلسەفەی بوونی دەوڵەتدا لە دژایەتییەدایە، چونکە ئەرکی دەوڵەت دابینکردنی خۆشبژیوی و باشترکردنی داهاتی خەڵکە و لە درێژەدا نووسیویەتی: "ڕێژەی داهاتی خەڵک لە یەک دەیەدا و لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە لە ٧.٤ لەسەد بۆ ٥.٢ لەسەد لە ساڵی ١٤٠١دا دابەزیوە".

ڕاپۆرتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە یەکێک لە گرفتەکانی ئێستا پەرەگرتنی ناهاوسانی ئابوورییە، بە شێوەیەک کە دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بە داهاتێکی کەمەوە بە ڕێژەیەکی قورستر گوشارەکانی هەڵاوسان هەست پێ دەکەن و بەردەوام لە توانای کڕینیان کەمتر دەبێتەوە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ئەم دەهەکانە چیدیکە توانای کڕینی خانوویان نەماوە و ئەگەر بیانهەوێت خانوو بکڕن دەبێت نزیک بە ١٠٠ ساڵ کار بکەن.

لە بەشێکی دیکە ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە پەرەگرتنی بەردەوامی هەڵاوسان و گرانی هاتووە کە ئەمە بووەتە هۆکارێک تاکوو هێندێک لە کاڵاکان وەک ماشین بە سامان بێتە ئەژمار و لەلایەن چینی هەژار و تەنانەت چینی مامناوەندیش دابین نەکرێت.

ئەم ناوەندە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بەم ئاکامە گەیشتووە کە کەمکردنەوەی ناهاوسانییەکان لە کۆمەڵگا بەشێوەی پێچەوانە خەریکە ڕوو ئەدات، بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین دادپەروەری لە دابەشکردنی هەژاریدا لە کۆمەڵگای ئێران ڕووی داوە و ئاکامەکەیشی دەبێتە زیادکردنی ڕێژەی هەژاری.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا تێچووی خواردنەکان بۆ هەر بنەماڵەیەک زیادی کردووە و لە بەرامبەریشدا تێچووەکانی دیکە وەک جلوبەرگ، خوێندن، تەندروستی، دەرمان، سەیرانچوون و زۆربەی تێچووەکانی دیکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە.

کارناسانی سەربەخۆی ئابووری لەسەر ئەو بڕاوایەن کە نەبوونی پلانێکی زانستی و کردەیی لە بواری ئابووریدا، گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی، خەرجە گەشەنەسەندووکانی کۆماری ئیسلامی لە سامانە سروشتییەکانی ئێران بەتایبەتی بۆ میلیشیاکانی و هەروەها خەرجێکی لەڕادەبەدەر بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکانی بووەتە هۆکاری خێرایی هەژاری و دابەزینی توانای ئابووری خەڵک و وڵات.