کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ جۆر ئاژەڵ لە پارێزگای سنە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

16:58 - 15 رەزبەر 2724

بەرپرسی ژینگەی پارێزگای سنە باسی لە مەترسیی لەنێوچوونی چەندین جۆر ئاژەڵ لەم پارێزگایە کردووە و ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٤٠ جۆر ئاژەڵ، لەوانە ئاژەڵگەلێکی وەک جۆرەکانی پڵنگ، ورچی قاوەیی، سەمەندەر(سەلەمەندەر)ی ئاگرین و سەمەندەری خاڵ زەرد بە بەراورد لەگەڵ باقی جۆرەکان، زیاترین مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئێقباڵ حەمیدی، لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە لە پارێزگای سنەدا زیاتر لە ٤٥٧ جۆر ئاژەڵی بڕبڕەدار دەستنیشان کراون کە پەلەوەرەکان بە ڕێژەی ٣١١ جۆر، زۆرترین ڕێژەیان هەیە.

بە وتەی ناوبراو ٧ جۆر ئاژەڵی وشکاوی لەم پارێزگایەدا هەن کە شیردەرەکان ٤٧ جۆر، خشۆکەکان ٣٨ جۆر و ماسییەکان ٥٤ جۆریان پێک هێناوە.

بەپێی زانیارییەکان جۆراوجۆریی ئاژەڵەکان لەم پارێزگایە زۆرە و ڕێژەیەکی زۆر لە جۆرەکانی ئاژەڵ لەنێوچوون و ڕێژەیان لە کەمیی داوە.

جیا لە گۆڕانکارییەکان لە ئێکۆسیستم و ڕۆڵی مرۆڤەکان لە گۆڕینی ئەم ئێکۆسیستمە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەتوانێ کاریگەریی لەسەر ڕێژەی ئاژەڵەکان هەبێ، ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکان و گواستنەوەی ئاو و وشککردنی بەئەنقەستی سەرچاوە ئاوییەکان لە کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران و سیاسەتی ژینگەیی دەتوانن لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەنێوچوونی جۆرەکانی ئاژەڵ لەم پارێزگایە بن.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕاوکردنی بێ بنەما و گرینگینەدانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، وای کردووە کە ئەم سامانە ڕوو لە کەمی بنێت.

هاوکات لەگەڵ کەمتەرخەمیی ڕێژیم لەمبارەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان چ بە شێوەی خۆبەخشانە و چ لە چوارچێوەی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکاندا، هەوڵیان داوە زیاتر پاریزگاری لە ژینگە و ئاژەڵ و سامانە سروشتییەکانی کوردستان بکەن.