کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری تەشکیلاتیی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک

10:01 - 16 رەزبەر 2724

لە درێژەی کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکان بۆ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، بە بەشداریی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی تەشکیلاتی، بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، بۆ باسکردن لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی پێوەندیدار بە گۆڕانکارییە هەرێمی و ناوچەییەکان و هێندێک پرسی حیزبی و تەشکیلاتی، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سێمینارێک بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب، لە شاری کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک لە دوو پانێلی جیاواز دا بەڕێوە چوو.

 پانێلی یەکەمی سێمینار بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی  بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان و کردنەوەی سێمینارەکە لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، جەمشید خوسرەوییەوە دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی دووهەمی پانێلی یەکەمدا، وتەبێژی حیزبی دێموکرات، کاک خالید عەزیزی، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، قەیرانەکانی نێو نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرسە پەیوەندیدارەکان بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد. 

بەڕێز عەزیزی، لە سۆنگەی وەزن و قورسایی کورد و حیزبی دێموکرات لە ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا پێداگریی لەسەر یەکڕیزی و پەرەپێدانی هزری یەکگرتووییخوازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، یەكیەتی و یەکگرتوویی لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و پتەوترکردنی یەکگرتوویی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتیدا کرد.

پانێلی دووهەمی ئەم سێمینارە تەشکیلاتییە تەرخان کرابوو بۆ بەشداریی ئامادەبووان لە باس و بابەتە پەیوەندییدارەکان کە بەشدارانی سێمینارەکە بە شێوەی چالاکانە بەشدارییان لە باسەکان‌دا کرد.

لە بڕگەی کوتایی سێمینارەکەدا، لەلایەن کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە وردی وڵامی پرسیار و تێبینی و سەرنجی هاوڕێیانی حیزبی درایەوە.