کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە ساڵیادی هێرشە تێرۆریستییەکەی حەماس چەند شوێنی لە غەززە و بەیرووت کردە ئامانج

10:15 - 16 رەزبەر 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە، چەند کاتژمێرێک پێش یەکەمین ساڵڕۆژی هێرشە تێرۆریستییەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر، چەند ئامانجی لە لوبنان و کەرتی غەززە بۆردومان کرد.

گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیانی زۆری گیانی لەوانە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری ئەو گرووپەی بەرکەوتووە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر شاری حەیفا لە باکووری ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بەشێک لە مووشەکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلدا تێپەڕیون و وەبەر شاری حەیفا کە سێیەم شاری گەورەی ئیسرائیلە کەوتوون و بە وتەی پۆلیس، زیانیان بە باڵەخانەکان گەیاندووە و بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل لانیکەم ١٠ کەس بریندار بوونە.

حیزبوڵڵای لوبنان ئیدعای ئەوەی کردووە کە بە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی ''فادی ١''، شوێنێکی سەربازی لە باشووری حەیفایان کردووەتە ئامانج.

هاوکات ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا پێیتەختی لوبنانی بە قورسترین شێوە بۆردومان کرد؛ فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بنکەی هەواڵگری و کۆگاکانی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵایان کردە ئامانج. هەروەها پێگەکانی ئەو گرووپەیان لە ناوچەی بەقاع لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە، ئەرتەشی ئیسرائیل بە دانیشتووانی باشووری بەیرووتی ڕاگەیاندبوو، ناوچەکە بەجێ بهێڵن.

لە یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبردا، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی سەرکەوتنی دا و ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە شەڕی دژی ئەو میلیشیایانەدا سەردەکەوێ کە ڕێژیمی ئێران لە کەرتی غەززە و لوبنان پاڵپشتییان دەکات.

یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە بە ئاماژەدان بە هێرشی مووشەکیی حەوتووی ڕابردووی ڕیژیمی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هەموو بژاردەکان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزن.