کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بۆ مەحکوومکردنی جینایەتی هەینیی خوێناویی زاهێدان و خاش

19:31 - 10 رەزبەر 2724

٤٧ ڕێکخراوی مافی مرۆیی کودستان و ئێران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، جینایەتی هەینییە خوێناوییەکانی زاهێدان و خاشیان مەحکووم کرد و خوازیاری وڵامدەرکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بوون.

چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤی بەلووچستان لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بە کاریگەریی کۆمەڵایەتیی توندوتیژی کە دەمێنێتەوە، لەم ناوچەیە و بەتایبەت لە جینایەتی هەینیی خوێناویی زاهێدان و خاش و توندوتیژییەک کە بەرانبەر بە خەڵكی بەلووچستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانەوە کرا، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ دژی خەڵکی بەلووچستان وڵامدەر بکەن.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: لە ڕۆژی ٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢ و پاش نوێژی هەینی لە مزگەوتیی مەکیی زاهێدان، نوێژکەرانی بەلووچ لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە بێدەنگیی ڕێژیم سەبارەت بە دەستدرێژیی فەرماندەیەکی پۆلیس بۆ سەر کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵی بەلووچ و هەروەها بزووتنەوەی ژینا کۆبوونەوەی هێمنانەیان بەڕێوە برد بەلام هیزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر و چاوی ناڕازییان، کۆمەڵکوژی و جیانەیەتێکی بێوێنەیان لە مێژووی بەلووچستاندا وەڕی خست.

ئەم توندوتیژییەی ڕێژیم بە ناوی "هەینیی خوێناوی" لە مێژووی بەلووچستان مایەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ژن و منداڵ لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا کۆمەڵکوژ کران و نزیکەی ٥٠٠ نوێژکەریش بریندار بوون کە دەیان کەسیان تووشی پچڕانی نوخاع و کەمئەندامبوونی جیددی بوون و هەندێکیان لەگەڵ کێشەگەلێک بەرەوڕوو بوونەوە کە بە هۆی هەڕەشە ئەمنییەتییەکانەوە نەیانتوانی چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

لەم بەیاننامەیەدا، ئاماژە بە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، وەک : سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان و کوژرانی ١٨ ناڕازیی دیکە پاش هەینیی خوێناویی زاهێدان، دەستدرێژیی گرووپی بۆ سەر کچان و ژنانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو، پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت و تۆڕەکانی پێوەندی، تێرۆر و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بێبەریکردنی دەسبەسەرکراوان لە لانیکەمی مافی هاووڵاتیبوون، هەڕەشەی تێرۆر و ڕفاندنی چالاکانی مافی مرۆڤی بەلووچ لە دەرەوە کراوە.

ئەم چالاکانەی مافی مرۆڤ داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا کردووە کە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بۆ پاراستنی گیان و کەرامەتی مرۆیی هاووڵاتییانی بەلووچ و بەدواداچوونی یاسایی بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە لە جیانەیەتەکاندا بەشدار بوونە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان کەڵک وەربگرن،   لێکۆڵینەوەی ساختاری سەبارەت بە دۆخی گشتیی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٢ دەست پێ بکات و سەرکوتی بەردەوام لە بەلووچستان لەوانە دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی چالاکان و ڕێژەی زۆری لەسێدارەدانەکان مەحکووم بکەن.