کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی دۆخی قائانی و سەفییەدین لە بەیرووت

10:23 - 16 رەزبەر 2724

پاش تێپەڕبوونی یەک حەفتە ناڕوونی و بێهەواڵی لە دۆخی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودس و هاشم سەفییەدین بژاردەی ڕێبەریی نوێی حیزبوڵڵا، چەند سەرچاوەی ئێرانی و لوبنانی باسیان لە بێئاگابوون لە زیندوبوونی ناوبراوان کردووە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە بەئامانجگرتنی هاشم سەفییەدین و ئیسماعیل قائانی لەلایەن سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە، گومانی کوژران یان برینداربوونی ئەم دوو کەسە لەلایەن سەرچاوەکانی جیهانەوە باسی لێ کرا.

لەم پێوەندییەدا دوو بەرپرسی ئێرانی بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە هیچ هەواڵێکی متمانەپێکراو لە دۆخی قائانی و سەفییەدین لەبەر دەستدا نییە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پاش کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئیسماعیل قائانی سەردانی لوبنانی کردووە و لە پاش هێرشەکەی حەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر زاحییەی بەیرووت، هیچ پێوەنییەک لەگەڵ فەرماندەی سپای قودسدا نەگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵا لە وتووێژێکیدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە هێرشی بەردەوام بۆ سەر زاحییە ڕێگە نادات تاکوو تیمەکانی فریاکەوتن بەشوێن هاشم سەفییەدیندا بگەڕێن و بیدۆزنەوە.

مەحموود قەماتی لەم وتووێژەدا لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دۆخی ئیسماعیل قائانی وتی: "هیچ هەواڵێک لە دۆخی ناوبراو نییە و ئێمەش لە هەوڵداین تاکوو ڕاستییەکان لەم پێوەندییەدا بدۆزینەوە".

ونبوونی قائانی پاش ئەوە بوو کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە حەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی هاوشێوەی ئەو هێرشە کە حەسەن نەسروڵڵای کوشت، هاشم سەفییەدین سەرەکیترین بژاردە بۆ ڕێبەریی حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج.

تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا قائانی لە کاتی بەئامنجگرتنی سەفییەدین لەگەڵ ناوبراودا لە کۆبوونەوەدا بووە یان نا، بەڵام ڕوونە کە کۆماری ئیسلامیش هیچ هەواڵێکی متمانەپێکراوی سەبارەت بە دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و تەنیا جارێک کوژران و برینداربوونی ناوبراوی لە ڕێگەی پێشکەشکارێکی دەنگوڕەنگی ڕێژمەوە ڕەت کردووەتەوە.