کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵیادی ٧ی ئۆکتۆبردا، ڕێبەرانی جیهان جارێکی دیکە هێرشی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل مەحکووم کرد

10:51 - 16 رەزبەر 2724

لە یەکەمین ساڵیادی هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر، زۆرێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان، وێڕای ڕێزگرتن لە یادی قوربانییەکان، جارێکی دیکە ئەم ڕووداوە کوشندەیەیان مەحکووم کرد.

هاوکات لایەنگرانی ئیسرائیل لەلایەک و لایەنگرانی فەلستین و لوبنان لەلایەکی دیکەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە وڵاتانی جیاجیا ئەنجام دا.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری حەماسی بە "دڕندانە" ناو برد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەو بارمتانەی کرد کە لەلایەن ئەم گرووپەوە دەسبەسەر کراون.

گۆتێرێش وتی ٧ی ئۆکتۆبر ئەو ڕۆژەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت "بە بەرزترین دەنگ بێزاریی تەواوی خۆی لە کردەوە قێزەونەکانی حەماس وەکوو بەبارمتەگرتن دەرببڕێت.''

ئانتۆنی ئاڵبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس مەحکووم دەکات.

هەروەها کریستوفێر لێکسۆن، سەرۆکوەزیرانی نیووزلەند، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس داوای ئاگربەستی لە غەززە و لوبنان کردووە و نووسیویەتی: ''شەرمەزارییە کە ساڵێک دوای ئەم هێرشانە، حەماس لە بارمتەگرتن بەردەوامە.''

هەروەها چاک شومێر، سێناتۆری دێموکرات و سەرۆکی زۆرینەی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، وتی: ''٧ی ئۆکتۆبر ڕۆژێکە کە بەهۆی قیزەونبوونی لە یاددا دەمێنێتەوە.''

لەلایەکی دیکەوە لە بەرەبەری ساڵڕۆژی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەردا، خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئیسرائیل لەلایەک و لایەنگرانی فەلەستین و لوبنان لەلایەکی دیکەوە لە بێرلین بەڕێوە چووە.

هەروەها لایەنگرانی فەلستین لە لەندەن، ڕۆم، پاریس، مانیل، جاکارتا و کیپ تاون خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و داوای ئاگربەستیان کرد.