کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ڕێکۆردشکێنی سکەی زێر لەژێر سێبەری ترس لە هێرشی ئیسرائیل

12:11 - 16 رەزبەر 2724

دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل و زیادبوونی گرژیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەم وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر، نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی تاران ٦٣ هەزار تمەنی تێپەڕاند و هەروەها سکەی زێریش ڕێکۆردێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد.

لە کۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، پێوەری گشتیی بازاڕی بوورس پێنج هەزار خاڵ دابەزی و گەیشتە دوو میلیۆن و ١٠١ هەزار خاڵ.

ڕۆژی شەممە نرخی دۆلار ٦٢ هەزار تمەن بوو، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە بە بەرزبوونەوەی زیاتر لە سەدا یەک، گەیشتە نزیکەی ٦٣ هەزار و ٦٥٠ تمەن.

هەر یۆرۆیەک لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی پێشوو نزیکەی ٨٠٠ تمەن زیادی کردووە و لە بازاڕی دراوی ئازاددا  بە ٦٩ هەزار و ٤٠٠ تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.

هەروەها نرخی پۆند بە بەراورد بە ڕۆژی شەممە هەزار تمەن زیادی کردووە و ڕۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە نزیکەی ٨٤ هەزار و ٤٠٠ تمەن.

جگە لە بازاڕی دراو، سکەش نزیکەی ٢.٢ لەسەد بەرابەر بە یەک میلیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

نرخی سکەی زێڕی دیزاینی نوێ لە بازاڕی تاران ڕۆژی یەکشەممە ٤٩ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند.