بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر لە هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری بەنتی سەر بە پارێزگای بەلووچستان ٤ کەس کوژراون و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەواڵدەریی تەسنیم لە زاری فەرمانداری نیکشەهرەوە ڕایگەیاندووە کە لە هێرشێکی چەکدارییدا کە پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک لە شاری بەنتی سەر بەم شارستانە ڕووی داوە، پەرویز کەدخودایی فەرماندەی سپای پاسداران لەم شارە و یووسف شیرانی بەرپرسی شۆرای شاری بەنت و هەروەها دوو سەربازی سپای پاسداران کوژراون و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەکانی ڕیژیم سەبارەت بە چۆنییەتیی هێرشەکە ڕایانگەیاندووە کە چەند چەکدارێکی نەناسراو لەنێو ماشێنێکی جۆری پێژۆدا تەقەیان لە کەدخودایی و شیرانی کردووە.
هەر لەمبارەوە، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی تەقەی کەسانی چەکداری نەناسراو لە ماشینی هێزە ئینتیزامییەکان لە شاری خاش، دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.