ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای مەتین حەسەنی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بۆ "رای باز" گۆڕدرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داواکاریی مەتین حەسەنی بۆ دانانی بارمتە و گۆڕدرانی سزاکەی بە "رای باز" قەبووڵ کراوە و ناوبراو باقی ماوەی سزاکەی لە دەرەوەی بەندیخانە تێدەپەڕێنێ.
ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، مەتین حەسەنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی خۆی بە بەندیخانەی بۆکان ناساندبوو.
پووشپەڕێ ئەمساڵ، مەتین حەسەنی بەڵگەی جێبەجێکرانی سزاکەی پێ گەیشتبوو.
ئەم بریندارەی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە ٣١ مانگ بەندکران سزا دراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بەڕێوە چوو.
لە ڕەوتی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی پارێزەری ناوبراو بەڕێوە چوو، مەتین حەسەنی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتنی یەکتر بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەرگریی لە خۆی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە بۆکان بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ئەم ناڕازییە کە چاوی بریندار بووە لە سەرەتای بزووتنەوەی ژینادا پاڵپشتیی خەڵک، بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی کرد و چەندین جار هەڕەشەی لێ کرا و بانگ کرا.
مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە بۆکان، چاوێکی لەدەست دا.