کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٧٠ حاڵەتی لەسێدارەدان تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا

17:10 - 16 رەزبەر 2724

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا و بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٤٠٣دا، لانیکەم ٣٧٠ کەس لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئاماری لەسێدارەدرانەکان لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەم جۆرە بووە: لە مانگی خاکەلێوەدا ٢٣ کەس، لە مانگی بانەمەڕدا ١٢٧ کەس، لە مانگی جۆزەرداندا ١٢ کەس، لە مانگی پووشپەڕدا ٣٠ کەس، لە مانگی گەلاوێژدا ١٢٦ کەس و لە خەرماناندا ٦٩ کەس.

لە مانگی ڕەزبەردا، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز بووەتەوە و تەنیا لە دوو ڕۆژدا واتە ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی ڕەزبەر، بە ڕیز ١٣ و ١٧ کەس لە سێدارە دراون کە سێ کەسیان ژن بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی بەم، گورگان، ئێسفەهان، ئەهواز، شیراز، ئیلام، مەشهەد، کەرەج، زەنجان، کرمان و شارەکانی دیکەدا جێبەجێ کراون.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران گرینگترین هۆکاری ئەم لەسێدارەدانانەی، سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان ڕاگەیاندووە و باسی لەوە کردووە کە کوشتنی بەندکراوانی کۆمەڵایەتی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە مەبەستی دروستکردنی ترس و پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکانە و ئامانجی ڕێژیم لەم کارە سەقامگیرکردنی هێزی خۆیەتی.

لەلایەکی تریشەوە ڕاگەیەندراوە کە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، گوشاری سیاسی و نێونەتەوەییە.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران جەختی کردووەتەوە کە لەسێدارەدان تەنیا وەک ڕێگەچارەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی تاوانەکان بەئەژمار دێت و بەردەوامبوونی بە مانای بەردەوامیی سووڕی توندوتیژییە.