کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی هێرشەکانی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل

10:10 - 17 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ڕۆژی دووشەممە هێرشی گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵامدانەوەی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئەوان درێژەی هەبوو.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر هێزەکانی حەماس چەند مووشەکێکیان لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژەش حوسییەکان مووشەکێکی بالیستیکیان لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە، کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

هەروەها شەوی دووشەممە حیزبوڵڵای لوبنانیش ئیدعای ئەوەی کرد کە بنکەیەکی هەواڵگریی ئەرتەشی ئیسرائیلی لە نزیک تێلاڤیڤ کردووەتە ئامانج و مووشەکێکیان ئاراستەی بنکەی گلیلوت، یەکەی هەواڵگریی سەربازی ٨٢٠٠ کردووە.

لە بەرامبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێنج ڕاکێتی دوور مەودا لە لوبنانەوە بەرەو ناوەندی ئیسرائیل ئاراستە کراون، هەندێکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە ڕێگرییان لێ کراوە و ئەوانی دیکەش بەر زەویی چۆڵ کەوتوون و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

دوای چەند کاتژمێرێک، میدیا فەرمییەکانی لوبنان هەواڵی دوو هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیلیان بۆ سەر باشووری بەیرووت بڵاو کردەوە. کەمێک دواتر هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی کردەوە کە دووکەڵ لە دەورووبەری بەیرووتەوە بەرز بووەتەوە.

بەپێی هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان لە نێویاندا گوندەکانی کەنار دەریاکان تەشەنەی کردووە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا کە عەمەلیاتەکانی دژ بە حیزبوڵڵا تا کەناراوەکانی لوبنان لە باشووری ڕووباری ئەلعەوالی فراوانتر دەکات.

هاوکات بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا بەبۆنەی ساڵیادی هێرشە تێرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وتی: ''ئێمە بە یەکگرتوویی  تا سەرکەوتن، لەپێناو داهاتووی نەوەکانی داهاتوو و بۆ هەموو مرۆڤایەتی درێژە بە خەبات دەدەین."