کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی دوو هێندەی کۆچی پەرستاران و پزیشکانی پسپۆڕ لە خووزستانەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی

19:34 - 10 رەزبەر 2724

ئەحمەد نەجاتیان، سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا واتە لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە هەتا ١٤٠٢، ڕێژەی کۆچی پەرستاران دوو هێندە زیادی کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر، نەجاتیان وتی کە هۆکاری دوو هێندەبوونی کۆچی پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوودا، خراپتربوونی کێشەکانی بژێوی ژیان، ئابووری‌ و کێشە کۆمەڵایەتییەکانە و داوای دەستێوەردانی لە وەزارەتەکانی تەندروستی و کارووباری دەرەوە بۆ باشترکردنی ئەو پرسە کرد.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە کاربەدەستانی ڕێژیم هۆکارەکانی کۆچکردنی پەرستاران بدۆزنەوە و شیی بکەنەوە، نەک تەنها هەوڵی پێشگرتن لە کۆچکردنیان بدەن.

هەروها محەممەد میرزابیگی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ڕۆژانە پێنج بۆ شەش پەرستار ئێران بەجێ دەهێڵن.

میرزابیگی سەبارەت بە شوێنی مەبەستی پەرستاران ڕایگەیاند، ئەوان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەی کەنداوی باشووری ئەفریقا، وڵاتانی ڕۆژاوا و ئورووپا هەر جێگایەک کە دۆخیان لەوێ باشتر بێ کۆچ دەکەن.

هەروەها پەروین کازمی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نیزامی پەرستاری ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر سەبارەت بە کۆچی پەرستاران لە پارێزگای خووزستانەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران هۆشداری دا و بە وتەی ناوبراو نزیکیی پارێزگای خوزستان لە وڵاتانی عەرەبی و شارەزایی زۆرێک لە پەرستارانی ئەو ناوچەیە بە زمانی عەرەبی بووەتە هۆی ئەم شەپۆلی کۆچکردنە.

هەروها ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە پاشەکەوتی مووچەی پەرستاران لە شارەکانی پارێزگای خووزستان زیاترە لە زانکۆکانی تر و شارەکانی دیکە بە جۆرێک کە ئەو پاشەکەوتە هەندێکجار گەیشتووەتە ١٣ مانگ.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی دامودەزگاکان و سەندیکاکانی کرێکاران چەندین جار باسیان لە کەمیی حەقدەست و پاشەکەوتی مووچە و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایشی کار لە ئێران کردووە و بە گرینگترین هۆکاری کۆچی پەرستاران و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان ناو بردووە.

لە سەرانسەری ئێراندا بۆ هەر هەزار کەس بە تێکڕایی ١.٥ پەرستار هەیە، لە کاتێکدا تێکڕای جیهانیی سێ پەرستارە و ئەمە نیشانەی کەمیی هێزی کار و ماندووبوونی زۆری پەرەستارانە.