کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر چوار کەس و چەند دامەزراوەیەکی پەیوەندیدار بە گرووپی حەماسەوە

11:20 - 17 رەزبەر 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی هێرشی تێرۆریستیی گرووپی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبردا بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چوار کەس و چەند دامەزراوەیەکی پەیوەندیدار بەم تاقمەدا سەپاند کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی دارایی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کەسانی سزادراو لە کۆکردنەوەی هاوکاریی دەرەکی، کە زۆرجار لەژێر ناوی کاری خێرخوازیدا و بۆ دابینکردنی دارایی گرووپی حەماس و چالاکییە تیرۆریستییەکانی بووە، ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن.

جێنێت یەڵێن، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی هێرشی تێرۆریستی و دڕندانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەم وەزارەتخانەیە لەسەر لاوازکردنی تواناکانی حەماس و هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە بواری دارایی بۆ چالاکییەکانیان و کردەوە توندوتیژییەکانیان بەردەوام دەبێت.

بە وتەی ناوبراو، وەزارەتی خزێنەداری کەڵک لە هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیدایە بۆ لێپرسینەوە لە بزووتنەوەی حەماس و لایەنگرانی وەردەگرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خزێنەداری، محەممەد عەبدوڵڵا حسێن ئەلئەحمەر، هاووڵاتیی یەمەنیی دانیشتووی تورکیە، یەکێک لە دیارترین پاڵپشتە داراییەکانی حەماس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووە.

هەروەها محەممەد حەنون، ئەندامی حەماس کە لە ئیتاڵیا نیشتەجێیە، ماجید ئەلزیر، نوێنەری باڵای حەماس لە ئاڵمان و عادڵ داغمان بەرپرسی چالاکییەکانی حەماس لە ئۆتریش، ناوی ئەو سێ کەسانەی دیکەن کە لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ ٩ ڕێکخراوی ژێر خاوەندارێتی حەماس، کۆنترۆڵ یان بەڕێوەبەری لە یەمەن، کۆماری چێک، لوبنان، و تورکیە سزا دراون.

جێگای ئاماژەیە کە حەماس لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی وڵاتانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا، ئیسرائیل، کانادا، ژاپۆن و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی جیهاندایە.