کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی

11:22 - 17 رەزبەر 2724

پاش پەرەگرتنی گرژییەکان و بەتایبەتی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران و حەسەن نەسروڵڵا لە بەیرووت، کۆماری ئیسلامی بڕیاری دا بۆ جارێکی دیکە و قورستر لە جاری پێشوو هێرشی مووشەکی بکاتە سەر خاکی ئیسرائیل.

ئەگەرچی هێندێک لە مووشەکەکانی سپای پاسداران ئەمجار لەنێو خاکی ئیسرائیلدا کەوتنە خوارەوە بەڵام بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئەم هێرشە هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆی سەربازیی نەبووە و نەیتوانیوە بە دروستی ئامانجەکانی بپێکێت و خەساری جیددی بە شوێنە هەستیارە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بگەیەنێت.

ئەوەی کە گرینگە پاش ئەنجامی ئەم هێرشە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە وڵامی بەپێویست و جیددی بەم هێرشە ئەداتەوە و بەپێی زانیاری سەرچاوە جهانییەکان لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلییەوە ئەم وڵامە دەتوانێت هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بنکە مووشەکییەکان یان دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی ئێران بێت.

هەر بەم بۆنەوە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دوێنێ ٧ی ئۆکتۆبر لە ساڵوەگەڕی دەسپێکی شەڕدا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە سەرەتا بە ئاماژەدان بە مانۆڕی دوو ساڵ پێشی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەمەبەستی تاقیکاری لە هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نووسیویەتی: "ئەم تاقیکارییە تەنیا بۆ ترساندنی کۆماری ئیسلامی نەبووە و بەڵکوو پەیامێک بۆ دەوڵەتی جۆ بایدێن بووە کە لە ئەگەری ئەنجامی ئەم هێرشە یارمەتیدەریان بێت تاکوو هێرشەکە سەرکەوتووتر بێت".

ڕاپۆرتەکە دوو بابەتی دیکەی سەرەکیشی هێناوەتە بەر باس، یەکەمیان لێدوانی هێندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوو سەبارەت بە توانای ئیسرائیل لە گەیاندنی خەساری قورس و کاریگەر بە بنکە ئەتۆمییەکان و دووهەمیش ئەوەی کە ئایا بەرپرسانی ئیسرائیل لێبڕاون کە چیتر دەرفەتێکی وا بۆ کردنەئامانجی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست نادات؟

وێدەچێت بابەتی یەکەم سەرەکیترین دوودڵیی لەنێو بەرپرسانی ئیسرائیلی ساز کردبێت.

دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر عەرزدان و بۆ تێکشکاندنیان ئیسرائیل پێویستی بە گەورەترین بۆمبە سەنگەرشکێنەکانی ئەمریکا و هەروەها بەوتەی ئەم ڕاپۆرتە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی "بی ٢"ی ئەمریکایە کە لەکاتی سەرۆککۆماریی جۆرج دەبڵیوو بووشدا پێش بە ڕادەستکردنیان بە ئیسرائیل گیرا.

بووش لەو کاتەدا ترسی لە سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو.

بەوتەی ئەم ڕۆژنامە بۆمبەکانی ئێستای ئیسرائیل توانای ئەوەیان نییە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر عەرز و دڵی شاخەکاندا بە ئاسانی تێک بشکێنن.

لە بەشێکی دیکەدا ڕاپۆرتەکە لە زاری چەند سەرچاوەی ئەمریکاییەوە هێناویەتی کە ئیسرائیل سەرەتا لە وڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازی و ڕەنگە چەند بنکەیەکی بەستراو بە دەزگا هەواڵگرییەکان و ڕێبەریی ڕێژیمەوە، دواتر ئەگەر کۆماری ئیسلامی وڵامی دیکەی دایەوە ئەوجار هێرش دەکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکان.

لەم پێوەندییەدا جۆ بایدێن هۆشداریی داوە کە هەرچەشنە هێرشێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبێت هاوسان لەگەڵ هێرشەکەی ئێراندا بێت و نەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان.

تایمز لە درێژەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە سەرەڕای هەموو ئەمانە مەیلێکی زۆر لە ئیسرائیلدا هەیە تاکوو لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران چەند ساڵێک بۆ پاش بگەڕێننەوە.

وێدەچێت ئەم بابەتە جیا لە ئیسرائیل و ئێران لە ئێستادا بووەتە بابەتێکی گرینگ و هەستیار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا.

دەوڵەتی بایدێن لە هەوڵدایە تا کاتی هەڵبژاردنەکان هەر جۆرێک بووە پێش بە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بگرێت و بەم بۆنەوە دەوڵەتی نێتانیاهووی خستبێتە ژێر گوشارەوە تاکوو هێرش نەکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.