کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی فەرمیی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان

11:39 - 17 رەزبەر 2724

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بە ڕێژیم، ڕەزا باکری سکرتێری ئەنجومەنی پیشەیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە نامەیەکدا بۆ جێگری چاوەدێریی گشتی بەکارهێنەری بەرهەم و کاڵاکان، ڕاگەیاند دوابەدوای ڕاگەیاندنی نرخی شیری خاو لە ڕێکەوتی ٧ی مانگی ڕەزبەر لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە نرخی سەرجەم بەرهەمە شیرەمەنیەکان بەڕێژەی ١٤ لەسەد؜ لەو ڕێکەوتەی سەرەوە بەرزتر بووەتەوە.

پێشتریش لە ٦ ڕەزبەری ئەمساڵدا نرخی پەسەندکراوی شیری خاو بە ڕاگەیاندنی فەرمی بە زیادبوونی ٢٠ لەسەد لە ١٥ هەزار تمەنەوە گەیشتە ١٨ هەزار و ١٠٠ تمەن، و لە ئێستاشدا ئەو نرخە بەرزبوونەوەی ١٤لەسەدیی بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها لەمبارەیەوە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان ڕایگەیاندووە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و گرانبوونیان لە ئێستادا ڕێژی بەکارهێنانیان لەنێو خەڵکدا کەم بووەتەوە کە ئەمەش خۆی بۆ تەندرووستیی هاووڵاتییان مەترسیدارە.

بە وتەی شارەزایان، لابردن یان کەمکردنەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبێتە هۆی کێشەگەلی وەک کورتی باڵا و پووکانەوەی ئێسک و کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس.

بەپێی دوایین ئامارێک کە لەلایەن میدیای "دنیای ئێقتسادەوە"ەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی گشتیی بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ئێراندا گەیشتووەتە ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆگرەم لە ساڵدا.

بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی، بەکارهێنانی شیری سەرتاسەری لە ساڵی ١٣۸۹،  ۱۳۰ کیلۆگرەم بوو بەڵام ئەو ڕێژەیە لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆگرەم،  لە کاتێکدا بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە سەرتاسەری وڵاتانی دیکەدا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە ١٥٠ بۆ ١٦٠  کیلۆگرەم لە ساڵدایە.

نەمان یا کەمبوونەوەی بەرهەمە خۆراکییە سەرەکییەکان لەسەر سفرەی خەڵکی ئێران تەنیا گرێدراو بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان نییە و لەم ساڵانەی دواییدا گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، میوە و تەنانەت دانەوێڵەکانیش بە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانیان لە سفرەی هاووڵاتیاندا کەم بوونەتەوە یا هەر نەماون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "فائۆ" زیاتر لە ٦ لەسەدی دانیشتووانی ئێران لەگەڵ کێشەی بەدخۆراکی بەرەوڕوون.

بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتە دەردەکەوێ کە لەنێو ١٦٧ وڵاتی جیهاندا ئێران لە ڕیزبەندی ٩٠ـەمین وڵاتدایە بۆ نائەمنی خۆراکی و بەدخۆراکی، ئەمەش بەو مانایەیە کە دۆخی ئاسایشی خۆراکی لانیکەم ٨٩ وڵاتی جیهان، لە ئێران باشترە.