کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا

12:08 - 17 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەوانە جۆ بایدێن و جێگەرەکەی کامالا هەریس و هەروەها ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانی جیاوازدا سەبارەت بە پێبەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی جەختیان کردەوە.

جۆ بایدێن، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی حیزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران داکۆکی دەکات.

بایدێن وەبیری هێنایەوە کە حەوتووی ڕابردوو بە فەرمانی خۆی، ئەمریکا بۆ جاری دووەم بەشداری لە بەرگری سەرکەوتووانەی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا، کامالا هەریس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لە سەر پێویستی دەستپێڕاگەیشتنی بەردەوامی ئیسرائیل بە کەرەستەی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران و گرووپەکانی وەک حەماس کردووەتەوە.

هەریس بە ئاماژەدان بە کردەوەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو، لەوانە کوشتنی ١٢٠٠ کەسی بێتاوان و ڕفاندنی زیاتر لە ٢٥٠ کەسی دیکە و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچان، وتی کە ئەم بابەتە بووە هۆی وەبیرهینانەوەی ترسێکی قووڵ لەنێو جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

هەروەها، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەحکووم بکەن  کە لە هەموو کوشتن و وێرانکاری و ناسەقامگیرییەک بەرپرسن.