کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەبیبۆڵڵا بەلووچ: کۆماری ئیسلامیی بۆ سەرکوتی نەتەوەکان خەریکی پەرەپێدانی فاشیزمە

21:30 - 17 رەزبەر 2724

حەبیبۆڵڵا بەلووچ: کۆماری ئیسلامیی بۆ سەرکوتی نەتەوەکان خەریکی پەرەپێدانی فاشیزمە

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ڕێژیمی لەنێوچووی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر نەتەوەکانی ئێران و یەکدەستکردنی وڵات، لە بیری بنیادنانی ناسیۆنالیزمێکن پێداگری لەسەر دروستکردنی ئێرانێکی یەک نەتەوە، زمان، کولتوور و مێژوو بکات. مەبەست لەوەش ئەوەیە ئەم سیستمە فکرییە لەلایەک قەڵغانێکی بەرگریکار بێت بۆ حکوومەتەکەیان و لەلایەکی دیکەوە بەئاسانی بتوانن سامانی نەتەوەکانی نێو جۆغرافیای ئێران بە تاڵان ببات. فاشیزم چییە؟ فاشیزمی ئێرانی چۆن دروست بووە؟ جیاوازی فاشیزمی نەژادی و مەزهەبی چییە؟ ئەم فاشیزمە چ کاریگەرییەکی بەسەر کۆمەڵگەی بەلووچ و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێرانەوەیە؟ نەتەوەکانی بەلووچ و کورد و نەتەوەکانی دیکە چۆن و بە چ شێوە و نەخشە ڕێگایەک ئەبێ لەگەڵ فاشیزمی ئێرانیدا بەربەرەکانێ بکەن؟ "کوردستان" لەم پێوەندییەدا وتووێژێکی لەگەڵ حەبیبوڵڵا بەلووچ، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی بەلووچستان "ڕاجی تەپاکی" پێک‌‌هێناوە.

بەڕێز بوزورگ‌زادە با ڕوانگەی ئێوە لەسەر فاشیزم بزانین و بپرسین کە فاشیزمی ئێرانی چۆن دروست بووە؟

 زێدەڕۆیی لە نەتەوەگەرایی ئەویش لە حکوومەتێکدا کە ئامانجی یەکدەستکردنی کۆمەڵگە لە بواری کولتووری، زمانی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت مەزهەبییەوە بێت، فاشیزمە. ئەم فاشیزمە یەکەمجار لەلایەن نوخبە زێدەڕۆکان و بە هاوکاریی ڕەزاخانی پاڵانییەوە هاتە ئاراوە کە تەنانەت ناوی پاڵەوی کە لە ئەسڵدا بەلووچییە و لە دەورووبەری ناوەندی سیستانەوە هاتوە، بۆ ئەوە دیاری کرا کە مێژووگەرایی پەرە پێ بدات. هەر لەم ڕوانگەوە و بە مەبەستی چالاکییە جۆراوجۆرەکان دەست بەکار بوو، بۆ بەهێزکردنی ئەو بابەتە دەوڵەتی ئاڵمانیش ڕۆڵی هەبوو بەو هۆیەوە نوخبە ئێرانییەکان لەوێ پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بوو لەگەڵ نازییەکان و ڕێکخراوگەلێک وەکوو ڕێکخراوی پەروەردەکردنی بیرۆکەی ئێرانییان ''سازمان پرورش افکار ایرانیان'' لەو ڕاستایەدا دامەزراند کە لەلایەن کەسانێک بەڕێوە دەچوو، وەکوو وەکوو ئەحمەد مەتین کە لە ئاڵمانی نازیی پەروەردە ببوو یان کەسێکی تر وەکوو داوود مونشیزادە کە کتێبەکانی لەژێر ناوی زمانەکانی دیکەی ئێرانەوە نووسیبوو و بەشێوەیەکی بەرچاو لە ڕاستای بەلاڕێدابردنی ئەو زمانانە ڕۆڵی هەبوو. هەر ئەو کەسانە لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئاڵمان بەرپرسایەتی زۆر باڵای حکوومەتییان لە سەردەمی پاڵەوی وەرگرت و ئاوابوو کە ناسیۆنالیزمێکیان بنیات نا کە جەختی دەکردەوە لەسەر ئێرانێک کە خاوەنی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک مێژوو و یەک کولتوور بێت. هەر بەو هۆکارە تەنانەت دەستێوەردانیان کرد لە مێژووشدا، ئەو دەستێوەردانە لە ئاستێکدا بوو کە زۆرێک لە کتێبە مێژووییەکان لەلایەن ناسیۆنالیستە زێدەڕۆ و فاشیستەکانەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە لەنێو بران چونکە ڕوانگەی ئەوان کە بۆ نەژادی سەرتر بوو، ڕەت دەکردوە، هەر بەو مەبەستە دەتوانن سەرنجی ئەو ڕاپۆرتانەش بدەن کە "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە.

جیاوازیی فاشیزمی نەژادی و فاشیزمی مەزهەبی لە چی‌دایە و چ شوێندانەرییەکی هەبووە لەسەر کۆمەڵگەی بەلووچ و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران؟

فاشیزمی نەژادی و مەزهەبی هەرچەند جیاوازییان هەیە بەڵام کۆماری ئیسلامی لە هەردوویان کەڵکی وەرگرتوە، بە شێوەیەک کە هەم شاعیر و چالاکانی نەتەوەیی بەلووچیان تێرۆر یان سنووردار کردوە و هەم چالاکانی مەزهەبی. لەلایەکی دیکەوە خەریکی گۆڕانی ناوی شارەکان و تەنانەت تایفەکانیشن و ئەو گۆڕانکارییانە لە ئاستێک‌دان کە لەلایەکی ترەوە مزگەوتەکان تێک دەڕووخێنن، مەولەوییەکان تێرۆر دەکەن و ڕێگری دەکەن لە چالاکانی دینی و سووننە مەزهەبەکان. کۆکردنەوەی ئەو دووانە لەلای یەکتر ناوچەگەلێک وەکوو بەلووچستان، کوردستان، تورکەمەن سەحرا و ئەهواز و... دووقات زیاتر ئەمنییەتی کراون و لە سەرکوتدا پشکی شێریان بەرکەوتووە.

ئایا ئێوەش لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەندێک لە ڕەوتەکانی دەرەوەی وڵات فاشیزمی ئێرانییان لە چوارچێوەی مافی شارۆمەندی و دێموکراسی بۆ ئێرانی داهاتوو پەرە پێداوە؟

ئێمە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا بێ‌بڕانەوە لەگەڵ فاشیزمێک ڕووبەڕووین کە نهادینە بووە، بەڵام بەنیسبەت پەرەسەندنی بزووتنەوەکانی نەتەوەیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران و نیگەرانی فاشیزمی نووستوو کە ڕوانگەیەکی زێدەخوازییان هەیە لە "ئێران" بە سەرترزانینی "فارس" زیاتر پەرەی سەندوە. فاشیزم پێویستی بە هێما و ڕێبەر هەیە و هەر دووی ئەوانە کە لە پێشدا ساز کرابوون، دووبارە زیندوو کرانەوە و خەریکن کاریان لەسەر دەکەن. دەزگای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە میراتگری سیستەمی پاڵەوییە لە ڕاستیدا میراتگری فاشیزمی نەتەوەییە، لە چوارچێوەی فاشیزمی مەزهەبیدا  لە زۆربەی کاتەکاندا کەڵکی لێ وەرگیراوە و بە کاریان هێناوە بەتایبەت لە بۆ ڕێگریکردنی جیددی لە هەرجۆرە پەرەسەندنێکی زمانەکانی دیکە لەو جۆغرافیایەدا، بەربەرەکانێ لەگەڵ کولتوور و چالاکانی کولتووریی و نەتەوەیی و چیها تێرۆر و کوشتن و زیندانیکردن یان ناچارکردنیان بە کۆچکردن، هەر لەو ڕوویەوە ڕێژیم بە هەمان ئەندازە کە فاشزیمی دەرەوەی وڵاتی لە پەرەسەندنی ڕەوتی نەتەوەیی نەتەوەکان هەست بە مەترسی دەکات، ئەوانیش هەست بە ترس دەکەن بۆیە لانیکەم بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەتەوە ستەملێکراوەکان هاوکاری پشتی پەردەیان هەیە. دەزگا سەرکوتگەرەکان بەتایبەت سپای پاسداران بۆ سەرکوتی ئەو بزووتنەوانەی کە لەسەر پایەی نەتەوەیی دروست بوونە هەم ئۆپۆزیسیۆنی بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کردوە و هەم لەو ڕاستایەدا سەرۆک‌کۆمارێکیان هەڵبژارد کە پێشینەی زمانی فەرهەنگیی نەتەوەییەکی بەرزی هەبێت هەتا بزووتنەوەی نەتەوەیی نێوخۆی وڵات لە ڕێگەی ئاوا پەیامێکەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە هەڵبژاردنی پارێزگارێک لەلای سەرۆککۆمارەوە بۆ ماوەیەک، لاواز بکات.

تا چ ڕادەیەک ئەو بارودۆخە بە مەترسی دەزانن بۆ سەر خەباتی نەتەوەکانی ئێران؟

ڕەنگە زۆربەی خەڵک بەهۆی دڵخۆشکردن بەوەی کە فاشیزم لاواز و بێ‌توانایە، ئەو بابەتە بە بابەتێکی مەترسیدار نەزانن بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕەم ئەو بابەتە مەترسییەکی جیددیە و بۆیە نە لەسەر ئەوەی چەند کەس لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆن و لە نێوەرۆکدا فاشیزمن بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەکان، خەریکی ئەوەیە فاشیزم بەهێز بکات و پەرە پێ‌بدات و وادەزانێت بە ناردنی هەناردەکراوەکانی خۆی لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا دەتوانێت ئیمکانی کۆنتڕۆڵ و ڕێنوێنی ڕەوتی فاشیزم بکات بەڵام زۆر لە هەڵەدایە، چونکە دەستێوەردانی دەوڵەتەکان بۆ بەهێزکردنی هەر ئیدئۆلۆژییەک لە مێژوودا بۆتە هۆی دروستکردنی ڕەوتێک کە دواتر لە سەردەمێکدا لە کۆنتڕۆڵیان دەرچووە و بووەتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری ئەو بزووتنەوانە بەڵام ئەم باروودۆخە بۆ کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران زۆر جێگای نیگەرانی نییە چونکە ئەو ئەزموونگەلێکی وەکوو دروستکردنی ئاوا گرووپگەلێک لە سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و پاکستانیان بووە و ئەو نموونەش هەرئاوا پایەیەکی هاوشێوەی هەیە و لەکاتی پێویستدا بۆ سەرکوتکردن وێژمانی سەرەکیی کە وێژمانی نەتەوەکانە بەشێوەی جیددی بەکار دێن.

نەتەوەکانی بەلووچ و کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران چۆن و بە چ شێوە و ڕێکارێک دەبێت خەبات بکەن لە دژی فاشیزمی ئێرانی؟

تەنیا یەک ڕێگا هەیە ئەوەش هاوکاریی بەکردەوەی گشتگیر و هاواهەنگیی نەتەوەکانە، کە من لێرەدا کە وشەی ''بەداخەوەم'' بەکار دێنم کە هەتا ئێستا لە ئاستی کردەوەدا کار نەکراوە بەڵکوو تەنیا لە ئاستی ڕاگەیەندراو و بەیانییەدا وهەروەها هاودەنگییدا قەتیس ماوەتەوە. ئێمە نەتەوە ستەملێکراوەکان پێویستییەکی ئێجگار زۆرمان هەیە بە دروستکردنی بلۆکێکی گەورەتر لە ئاستی تەواوی حیزب و ڕێکخراوە چالاکەکان یان لانیکەم زۆرینەی نزیک بە تەواوی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بێت، دەبێت کەلێنی نێوان هەموو ڕەوتە نەتەوەییە فیدڕاڵخواز و ئەوانەی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان قبووڵە، وەلابنرێت. دەبێت ئەو ناکۆکییەی نێوان نەتەوەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هان دراون نەمێنێت و پێویستیی ئەم کارەش لە دەور یەک کۆبوونەوەی هەموو هاوپەیمانییە نەتەوەییەکانی نەتەوە چەوساوەکانە وەکوو یەک بلۆکی سەرتاسەری. هاوپەیمانیی دێموکراتیکی نەتەوەکان، هاوپەیمانیی کۆنگرە و هاوپەیمانیی نەتەوەیی سێ هاوپەیمانی تا ڕادەیەک بەهێز، دەبێت ببێتە یەک بلۆکی یەکگرتوو هەتا وێژمانی نەتەوەکان بتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی جیددی و دڵخوازی جیهانی.

دوو ساڵ دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" چ لێکدانەوەیەکتان هەیە لە بارودۆخی سیاسیی و خەباتی ئێستای بەلووچستان؟

دوو ساڵ دوای بەربڵاوترین و جیددیترین خەباتی ئەم ساڵانەی دوایی کە زۆرینەی بنەماڵە بەلووچ و کورد و نەتەوەکانی دیکەی گرتەوە ئێستاش بارودۆخی ئاگرەکە خۆڵەمێشییە بەڵام لە هەلومەرجی گەمارۆی ڕێژیم گۆڕدراوە بۆ گەمارۆی دووبارەی نەتەوە ستەملێکراوەکان، ئێمە وەکوو هەمووکات خەریکین زەبرمان وێدەکەوێت لەلایەن ڕێژیمەوە. دوو شت زۆر ڕوونە یەکەم: ئەم هەلومەرجە بووە هۆی بەهێزبوونی دۆخی نێوخۆیی هێزە دێموکراسیخوازەکان و هەرچی زیاتر یەکگرتوویی نێوانیان. دووهەم: ئەو دۆخە کاتییە و لە کات و شوێنی گونجاودا دووبارە گۆڕانی بەسەردا دێت بەڵام ئەو گۆڕانە بەبێ دروستبوونی ئەو بلۆکە، ڕەنگە ببێتە هۆی شکستی دووبارە.

ئاسۆی خەباتی خەڵکیی لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات لە دژی کۆماریی ئیسلامی  چۆن دەبینن؟

هەر ئەوەی کە ئاماژەم پێ کرد و دەبێت لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ و ڕاشکاو بین؛ ئێمە بەبێ دروستکردنی بلۆکێکی بەربڵاو ناتوانین کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییە فاشیستەکانی هەندێ ڕەوتی ڕاستگەرای وڵاتانی دیکە بەشێوەی تەواوەتی لەنێو ببەین. دانیشتن و تەنیا بۆ خۆت بەرنامەداڕشتن لە کۆتاییدا تەنیا لە ئاستی خۆتدا ئاکامەکەی دەبینی، دانیشتن تەنیا بۆ وێژمانی چالاکییکردن بۆ فیدڕاڵیزم ونەبینینی ئەوەیکە وێژمانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەهەمان ئەندازە بەهێزە، بیرێکی باش نییە. دانیشتن بۆ ئەو مەبەستەی کە لە کۆتاییدا لەگەڵ ڕەوتە فارسەکان ڕێککەوتنێک بکەیت و نەتەوە ستەملێکراوەکان پشتگوێ بخەیت تەنیا دەبێتە هۆی شکستەکانی دواتر. ئێمە دەبێت هەموو حیزبە نەتەوەیی نەتەوەکان لە ئاستی بلۆکێکدا لە دەوری یەک کۆ بکەینەوە و توانایی پێویست و بلووغی سیاسیی ئەوەمان هەیە کە بە ئاکامی بگەیەنین.

بەڕێز بوزورگ‌زادە سپاس بۆ ئەوەیکە کاتتان دانا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ ئێوەش