کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نوێی واشنگتۆن بە تاران

12:33 - 12 خەزەڵوەر 2724

وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی هاووڵاتییان و هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل، فەرمانی ناردنی ناوگانی شەڕکەری تەیار بە سیستمی بەرگریی مووشەکی و فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی و فڕۆکەی بی ٥٢ بۆ ناوچەکەی دەرکردووە.

فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بی ٥٢ کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکیان هەیە، چەندین جار بۆ هۆشداریدان بە کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون. ئەمە دووەم جارە لەم مانگەدا ئەم فڕۆکانە بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای بەرگری ڕەوانەی ناوچەکە کراون.

ئەم هێزانە لە چەند مانگی داهاتوودا هاوکات لەگەڵ ڕۆیشتنی ناوگانی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکۆڵن" جێگیر دەکرێن.

ئەم هەوڵە نوێیە لە درێژەی بڕیاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی مووشەکی تاد لە ئیسرائیل و بەردەوامیی هەبوونی هێزی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستە.

بە وتەی پێنتاگۆن، ئەم ئاڵوگۆڕە نەرمی و ئامادەیی بەرگریی ئەمریکا نیشان دەدات هەتا بە خێرایی ڕووبەرووی هەڕەشە ئەمنییەکان ببێتەوە.

لۆید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی، یان هێزەکانی سەر بەو ڕێژیمە، هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەمریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای هێرشی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ٥ی خەزەڵوەر بۆ سەر چەندین بنکەی نیزامی لە ئێران، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کردووە کە ئەمەش هۆشداریی ئامریکای بەدواوە بووە.