حەوت بەندکراوی سیاسیی ژن و هاوبەندیی پەخشان عەزیزی، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ناوبراو، خوازیاری هەوڵی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بوون.
لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بەوە کراوە کە پەخشان عەزیزی ماوەیەک وەکوو یاریدەدەر چووەتە ڕۆژاوای کوردستان و یارمەتیی ئاوارەکانی دەستی داعشی داوە، کە ئامادەبوون لە ناوچەکانی شەڕ و یارمەتیگەیاندن بە ژنان و منداڵانی لێقەوماو، نە تەنیا تاوان نییە بەڵکوو دەبێ ستایشیش بکرێ و وڵامی ئەم هەوڵە خۆبەخشانەیە ناتوانێ سەپاندی سزای مەرگ بێت.
ئەم حەوت بەندکراوە سیاسییە ژنە، داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە پش لەوەی کە درەنگ بێت، بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە هەوڵ بدەن و گیانی ڕزگاری بکەن.
وریشە مورادی، گوڵڕۆخ ئیرایی، ناهید خۆداجوو، مریەم یەحیەوی، ڕەیحانە ئەنساری، سەکینە پەروانە و نەسرین خزری لە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیەن.
پێشتریش ٢٦ ناوەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە خەرمانانی ئەمساڵدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، سەپاندنی سزای سێدارە بۆ پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد و ئەوەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای پرەنسیپ و رێوشوێنە مافی مرۆییەکان ڕاگەیاند.
پەخشان عەزیزی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا و دواتر پاش چوار مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.
ئەم چالاکە کوردە لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکان، بە لەسێدارەدان و چوار ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.