کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆری سەرۆککۆماری ئەمریکا

11:20 - 19 خەزەڵوەر 2724

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک زانیاریی نوێی سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ خستە ڕوو.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کەسێکی ئێرانی بە ناوی فەرهاد شاکری کە سەر بە سپای پاسداران و نیشتەجێی تارانە بە هاوکاریی دوو کەسی ئەمریکایی بە ناوەکانی کارالایل ڕیوێرا و جاناتان لوودڤێڵت، لە پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی سەرککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەشدار بوونە.

ئەم وەزارەتە سێ کەسی ئاماژەپێکراوی جیا لە هەوڵی تێرۆرکردنی ترامپ، بە پیلانداڕشتن بۆ کوشتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئێران لە نیویۆرک تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە ڕیوێرا و لوودڤێڵت  دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم بەیاننامە فەرهاد شاکری لە منداڵیدا و لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە ئەمریکا بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی و پاش ١٤ ساڵ بەندکران بەهۆی دزیکردنەوە لەم وڵاتە دەرکراوە و ئێستا لە ئێرانە.

لە لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکادا دەرکەوتووە کە ناوبراو لە مانگەکانی ڕابردوودا لە تۆڕێکی تاوانکار بۆ ئەنجامی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی وەرگرتووە کە لە کاتی بەندکرانی لە بەندیخانەیەکی ئەمریکا ناسیویەتی.

مێریک گارلەند دادستانی گشتیی ئەمریکا سەبارەت بەم دۆسییە ڕایگەیاندووە کە بە زووترین کات کەسانی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران دادگایی دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەموو ئەم ئیدعایانەی ڕەت کردوونەتەوە و بە تۆمەتی بێبنەما لەقەڵەمی داون.

ڕەتکردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەکاتێکدایە کە پاش کوشتنی قاسم سلێمانی، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە فەرماندەرانی ئەم کوشتنە دا کە بە ڕوونی ئاماژەیان بە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا و هەروەها مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی پێشووی ئەمریکا، کردبوو.

 

پاش ئەم هەڕەشانە ئەمریکا هۆشداری جیددی بە کۆماری ئیسلامی دابوو کە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ کوشتنی سەرۆککۆماری ئەمریکا بە هەوڵێکی شەڕکەرانە لە قەڵەم ئەدات و لە بەرامبەریدا دەوەستێت.

پاش بڵاوبوونەوەی بەییاننامەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا لە کاردانەوەیەکی تونددا داوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامییان کردووە.