عەبدولناسر هیمەتی وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران پەسەندکردنی گەڵاڵەیەکی ڕاگەیاند کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرانەوە وردەوردە دەچێتە ناو بازنەی گومرکی وڵاتەوە.
ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەر عەبدولناسر هێمەتی لە کاتی سەردانێک بۆ سیستان و بەلووچستان، ڕایگەیاند کە ئەم گەڵاڵەیە بۆ ڕێکخستنی کۆڵبەران لەلایەن کابینەی دەوڵەتەوە پەسەند کراوە.
بە وتەی وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران، بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەو کاڵایانەی کە لەلایەن کۆڵبەرانەوە هاوردە دەکرێن، "ڕێکخراو" دەکرێن بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا بتوانن پابەندی ڕێسای گومرگی بن و پارێزگارەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە باجی گومرگی بۆ ئەو کاڵایانەی کۆڵبەران هاوردەی دەکەن، وەردەگیرێن، کە لە سەرەتادا بڕێکی زۆر کەم دەبێت و وردەوردە زیاد دەکات.
پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە بۆ کۆڵبەران لەحاڵێکدایە کۆڵبەران خاوەنی بار و کاڵاکان نین؛ ئەوان تەنیا کاڵا بۆ بازرگانان و کەسانی دیکە دەگوازانەوە بۆ ئەو کارە پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن.
کۆڵبەران بۆ ئەوەی ئەم داهاتە کەمە بەدەست بهێنن، ناچارن کەلوپەلی قورس لەسەر شانیان هەڵبگرن و لە ڕووبار، کوێستانەکانی نێوان ئێران و عێراق یان سنووری نێوان ئێران و پاکستان بپەڕنەوە.
کۆڵبەران و کاسبکاران لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران بە گشتی ڕووبەڕووی هێرشی توندوتیژیی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم دەبنەوە. هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی "بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ قاچاخی" بە تەقەکردن لە کۆڵبەران، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەکوژن و برینداریان دەکەن.
هەروەها زۆرێک لە کۆڵبەران بەهۆی هەڵدێران لە شاخ، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مین بریندار دەبن یان گیانیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٤١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٩٣ کۆڵبەریش بریندار بوون کە زیاتر لە سەدا ٨٥ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.