لە دوای دواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرپرسانی قەتەر بەمەبەستی پچڕانی پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ کاربەدەستانی حەماس، ئەو وڵاتە بەو گرووپەی ڕاگەیاندووە، کە هەرچی زووترە دەبێت دەفتەری نوێنەرایەتییەکەیان دابخەن و قەتەر بەجێ بهێڵن.
بەرپرسێکی ئەمریکایی بە تایمزی ئیسرائیلی وتووە؛ لە دوای کوژرانی هێرێش گوڵدبێرگ پۆلین، بارمتەی ئەمریکایی ـ ئیسرائیلی، لە کۆتایی مانگی ئاگۆست لەلایەن گرووپی حەماس و ڕەتکردنەوەی پێشنیاری ئاگربەست لەلایەن ئەو گرووپەوە، دەوڵەتی بایدێن قەتەری ڕازی کردووە کە ڕێگری لە بوونی ڕێبەرانی حەماس لە دۆحەدا بکات.
هەروەها پێشتریش سێناتۆر ڕاجر ویکێر لە واشینگتۆن، ڕۆژی هەینی، ١٨ی خەزەڵوەر، لە لاپەڕەی ئیلکسی خۆیدا، نووسیویەتی: ''من و هاوکارانم دەوڵەتی بایدێنمان بەمەبەستی گۆڕانکاریی سیاسەتی خۆی لەگەڵ وڵاتی قەتەر خستووەتە ژێر گوشارەوە''.
شایانی باسە قەتەر لە ساڵی ٢٠١٢ی زاینییەوە، ڕێگەی بە بەرپرسانی حەماس داوە کە نوێنەرایەتیی خۆیان لەو وڵاتە بکەنەوە و ئەمریکاش سەبارەت بە بوونی ئەو گرووپە لە قەتەردا، ڕەزامەندی دەربڕیبوو.
لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زاینییدا، ئەمریکا بە قەتەری ڕاگەیاندبوو، کە چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێت وەکوو پێشوو لەگەڵ ئەو گرووپەدا مامەڵە بکات بەڵام ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە دەربڕیوە، کە دەفتەری نوێنەرایەتیی حەماس لەو وڵاتە بەمەبەستی وتووێژ بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، هەتا کاتێکی نادیار، کراوە بێت.
ئەو کردەوانەی ئەمریکا و قەتەر لەکاتێکدایە کە لە دوایین دانوستان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا، حەماس پێشنیاری ئەگربەستی ڕەت کردەوە و دانوستانەکە بێ ئاکام مایەوە.