ڕۆژنامەی پۆلێتیکۆ لە ڕاپۆڕتێکدا پەرژاوەتە سەر سیاسەتەکانی داهاتووی دۆناڵد ترامپ و دەوڵەتەکەی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی و گوشارخستنە سەر تاران.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە زاری بەرپرسێکی دەوڵەتی پێشووی دۆناڵد ترامپەوە هێناویەتی کە چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەتایبەتی گوشارە ئابوورییەکان لە ڕۆژانی یەکەمی دەوڵەتی داهاتووی دۆناڵد ترامپدا، یەکەمین سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی بایدێن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبێت.
دۆناڵد ترامپ لە یەکەمین هەوڵیدا پاش هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا، برایان هووکی وەک بەرپرسی کارگرووپی گواستنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاری کرد کە لە دەورەی یەکەمی سەرۆککۆماری ترامپدا بەرپرسی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی بوو.
ئەم کارگرووپە لە بەیاننامەیەکدا و بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان ڕایگەیاندووە کە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەوڵە پێویستەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ڕێگەی "هێز"ـەوە ئەنجام ئەدات.
پۆلێتیکۆ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە کارگرووپی ڕاگواستن خەریکی پێداچوونەوە لەسەر چەند گەڵاڵەیەک بۆ سەپاندنی کۆمەڵێ سزای قورسی ئابووری بۆ سەر کۆماری ئیسلامییە کە بتوانێت پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە چڕبوونەوەی هاوکارییەکانی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی پاش هاتنەسەرکاری بایدێن و شەڕی ئۆکراین کراوە و باسی لە پێچراوەتربوونی بابەتەکە و ڕەچاوکردنی لەلایەن دەوڵەتی ترامپەوە کردووە.
لەلایەکی دیکەوە وێناچێت دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا هاوشێوەی دەوڵەتی جۆ بایدێن هەوڵێکی بەرچاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاردانەوەکانی ئیسرائیل لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی بدات.
جێی ئاماژەیە کە پاش ئاشکرابوونی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، توندیی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە وڵامی هێرشە دواییەکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە و بە بڕوای توێژەرانی سیاسی، کۆماری ئیسلامی ئەم وڵامە کە بڕیار بوو ناوی "وەعدەی سادقی ٣"ی لێ بنرێت، بۆ ماوەیەکی نادیار وەدوا بخات.