پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سنە و سەقز، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، سەبارەت بە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی عەلی مەعرووفی، هاوڕێ قووە و عەبدوڵڵا هووشمەند کە لە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، زانیارییک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای ڕاگوێزاران بۆ شوێنی نادیار، لەم ماوەیەشدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی بێبەری کراون و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراوان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها میلاد ڕەشیدی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شاری سەقز، لە ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەردا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی لەم پێوەندییەدا، بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرام سەبارەت بە هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە نیزامییەکانی ئێران دەسبەسەر کراوە و دواتر پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، وێڕای پشکنینی کەلوپەلەکانی دەست بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گیراوە.
هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە فەردین شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لە ٣٨ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و دۆخی ناوبراویش ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی بەدواوە نەبووە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەردا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەسبەسەر کرا و لەم ماوەیەدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندیی تلفۆنی و دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی نابراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هاوژینی فەردین شێخولئیسلامی پاش دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.