برایان هووک، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندا، وتوویەتی؛ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، باش ئاگاداری ئەوەیە کە لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی نائارامیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
برایان هووک، نوێنەری پێشووی ئەو وڵاتە لە کاروباری ئێراندا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، لە وتویژێکدا لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێن، وێڕای باسکردن لەوەی ناوچەی کەنداو وەکوو ''ڕوولەگەشەترین ناوچەی جیهانە لە بواری ئابووری و پڕ جموجۆڵترینە لە بواری کەلتوورییەوە''، وتوویەتی: ''هەناردەکردنی زێدەڕۆیی و ئیدۆلۆژیی ئینقلابیی کۆماری ئێران، یەکێکە لەو بەربەست و لەمپەڕانەی ڕێگری لە سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە دەکەن''.
''هووک'' لە درێژەی ئەو وتووێژەدا وتوویەتی: ''بەپێی ئەزموونی خۆم لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێت هاوکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستدرێژی کردووەتە سەریان، لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمەدا بوەستینەوە".
برایان هووک لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا، وتوویەتی؛ ترامپ نایهەوێ ڕێژیمی ئێران بگۆڕێت بەڵام پێشتریش ڕایگەیاندووە، دەیهەوێت ڕێژیمی ئێران لە بواری دیپلۆماتیک و ئابوورییەوە گۆشەگیر و لاواز بکات هەتا توانایی دابینکردنی ماڵیی حوسییەکان، حەماس، حیزبوڵڵا، جیهادی ئیسلامی و تەواوی دەستوپێوەندییەکانی لە عێراق و سووریە، کەم بکاتەوە.
شایانی باسە برایان هووک لە ڕیزی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکادایە کە بە وتەی بەرپرسە ئەمنییەتی و زانیارییەکانی ئەو وڵاتە، لە پێڕستی تێرۆری کۆماری ئیسلامیدایە.