کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ١٩ کرێکار بە هۆی ڕووداوەکانی کارەوە

18:56 - 19 خەزەڵوەر 2724

دۆخی ناستاندارد و مەترسیداربوونی شوێنی کار، کوژران و برینداربوونی ١٩ کرێکاری لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەردا سێ کرێکار لە هەمەدان و بە هۆی نەبوونی ئیمەنی تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لەدەست دا.

هەر لەم ڕۆژەدا، هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارە ڕایگەیاندووە کە حەوت کرێکاری کارخانە قەندی کۆمەڵگەی پیشەیی دامغان لە کاتی کارکردندا سووتاون و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراون.

هاوکات لەگەڵ ئەمانە، ڕژانی ماددەی تواوەی مەنجەڵی تواندنەوەی کارخانەی فوولادی زەرەند برینداربوونی ٩ کرێکاری لێ کەوتووەتەوە کە بە وتەی هەواڵدەریی ئیرنای ڕێژیم ٢ کەسیان چارەسەریان بۆ کراوە و حەوت کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵیش لە یەکێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کەبوودەرئاهەگی هەمەدان، بەربووەتە نێو دەزگا و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

لە تووسرکانیش کەسێک بە هۆی کەوتنە نێو غەڵتەکەوە کە بە مەبەستی سافکردنی بەشێک لە بەرهەمەکان کەڵكی لێ وەردەگیرێ، گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی بەرپرسی گشتیی پزیشکی دادوەریی هەمەدان، پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵی خەڵکی شاری بەهارستانیش بە هۆی بەربوونەوە گیانی لەدەست داوە.

پزیشکی دادوەریی ڕێژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ١٤٠٢دا، ٢ هەزار و ١١٥ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری خۆی، ١١.٣ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

بەپێی ئەم ئامارە ڕێژەی دوو هەزار و ٩٤ کەس لەو کەسانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە، پیا و ٢١ کەسیان ژن بوون.