کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەبباسی بۆ یەک ساڵ کەم کرایەوە

10:19 - 20 خەزەڵوەر 2724

سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئازاد عەباسی، بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و وانەبێژی زمانی کوردی لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ناوبراو لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە هەشت مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە چوار مانگ بەندکران سزا دراوە و ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی قوروە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئازاد عەباسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا.

سروە ڕەحمانی، هاوسەری ئازاد عەباسی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی پەڕەیەک لە حوکمی هاوسەرەکەی کە ڕێکەوتەکەی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢یە و لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە دەرکراوە، نووسی؛ ئازاد بە بێ بەشداریی خۆی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "بیڕێزی بە ڕێبەر" بە دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و سزا دراوە. پاش ناڕەزایەتیدەربڕین  لە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بێتاوان ناسراوە بەڵام سزاکانی دیکە وەک خۆیان پشتڕاست کراونەتەوە.

ئازاد عەباسی تاکوو ئێستا چەندین جار دەسبەسەر کراوە و سزای بەسەردا سەپێندراوە.

ئازاد عەباسی لە ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی برا و براژنەکەی دوای دەسبەسەرکرانیان لە ئیتلاعاتی دێولان، لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بووەوە و دواتر دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا.