لە یەک حەفتەی ڕابردوودا، ئەرتەشی ئەمریکا سەبارەت بە سەقامگیرکردنی توانا نیزامییەکانی لە ڕاستای ئاگادارکردنەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٥ـەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، ئەرتەشی ئەمریکا فرۆکە ئێف ١٥ـەکانی کە زیاتر لە بریتانیا جێگیر کراون، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و ئێستا لەژێر ڕکێفی بازنەی فەرماندەیی نیزامیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون.
هەروەها پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە: ''هاوکات لەگەڵ ئەو فڕۆکانە، بۆمبهاوێژ، فڕۆکەی شەرکەڕ، فڕۆکەی سووتەمەنیبەر لە ئاسمان و کەشتیی پەدافەندی ئاسمانیش نێردراون''.
لە ماوەی ڕابردوودا پێنتاگۆن ڕێژیمی ئێرانی ئاگادار کردبووەوە کە ئەگەر لە ڕێگەی هاوپشک و دەستوپێوەندییەکانییەوە، لە هەر کوێیەک هاووڵاتی و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج، ئەوە تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ هەتا بەرگری لە خۆی بکات.
هێنانی کەرەستەی سەربازی لەلایەن ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەکاتێکدایە کە شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس و حیزبوڵڵا لە غەززە و لوبنان، هەروا درێژەی هەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، سێنتکام ڕایگەیاندبوو، کە بۆمبهاوێژی بی ـ ٥٢ی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر کردووە.
شایانی باسە لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەر، ئەمریکا هۆشداریی جیددی دابووە ڕێژیمی ئیران کە لە بیری تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئیسرائیل نەبێت و هەر بەو مەبەستە چەندین جار کەرەستەی نیزامیی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.