بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئۆکراین فۆرم، تێرێس مێڵنێچک، نوێنەری هەمیشەیی حکوومەت لە پەرلەمان، لە پۆستێکی تێلێگرامیدا ڕاگەیاند کە کابینەی وەزیرانی ئۆکراین ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانیی نێوان ئۆکراین و کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.
مێڵنێچک وتی: گرێبەستی خزمەتگوزاریی ئاسمانی نێوان ئۆکراین و کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ١٩٩٣ لە تاران واژۆ کرابوو، کۆتایی پێهات.
هەروەها لە مانگی ڕابردوودا بەرپرسی کاروباری ئێران لە ئۆکراین، سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی مووشەکی بالستیکی ڕادەستی ڕووسیە دەکرد، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین کرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین پێشتریش هۆشداری بە تاران دا کە ناردنی مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیە لێکەوتەی خراپی بۆ سەر پێوەندییەکانی ئێران و ئۆکراین دەبێت.
ئێران لەم دواییانەدا سەرەڕای هۆشداریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتی ئۆکراین سەدان مووشەکی بالستیکی ڕەوانەی ڕووسیە کردووە و لە بەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیە، ئەمریکا و یەکیەتی ئورووپا چەندین سزایان بەسەر کەس و دامەزراوە ئێرانییەکاندا سەپاندووە کە بەشدارییان لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردووە.
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا وەزیرانی وڵاتانی ئەندامی "گرووپی حەوت" لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی گواستنەوەی مووشەکی بالستیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڕووسیە مەحکووم کرا و باسیان لەوە کرد کە ڕووسیە بە بەکارهێنانی چەکی ئێران خەڵکی سێڤیل لە ئۆکراین دەکاتە قوربانی و هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە.