کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی پزشکییان لە وەرزی سەرماشدا کارەبای خەڵک دەبڕێت

11:32 - 20 خەزەڵوەر 2724

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وەرزی سەرما، شیرکەتی "تەوانیر"ی ئێران ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر باسی لە دەسپێکی دووبارەی بڕینی کارەبا لە شارەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەرەوە کردووە.

پاش تێپەربوونی وەزری گەرما و بڕینی کارەبای خەڵک بە بیانووی زۆر بەکارهێنانی فێنککەرەوەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، شیرکەتی تەوانیری کارەبای ئێران ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وەرزی سەرما و بەهۆی بەکارهێنانی زیاتری گاز لەلایەن خەڵکەوە لەم وەرزەدا و هەروەها ڕاگرتنی سووتاندنی مازووت لە سێ وزەخانەی ئێران، بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە و هاووڵاتییان چاوەڕێی پچڕانی کارەباکەیان ببن.

هەرچەند کە شیرکەتی تەوانیر و بەرپرسانی دەوڵەتی چواردەیەم پچڕانی کارەبایان لە وەرزی سەرمای ئەمساڵدا بۆ فەرمانی پزشکییان سەبارەت بە ڕاگرتنی سووتاندنی مازووت لە سێ وزەخانەی ئەراک، کەرەج و ئێسفەهان گەڕاندووەتەوە بەڵام ئەم بڕیارە لەلایەن خەڵک و کارناسانەوە کاردانەوەی لێ کەوتووەتە.

لەم پێوەندییەدا فەرشید کەدخودایی بەرپرسی کۆمیسیۆنی وەبەرهێنان و دابینکردنی دارایی ژووری بازرگانیی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی "تێجارەت نیووز"دا ڕایگەیاندووە کە "ئەمە ئاکامی شێوازی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی وڵاتێکە کە بەبێ پێوەندی لەگەڵ جیهان و چارەسەری کێشەکان و هەروەها پشتیوانینەکردن لە کەرتی تایبەت و ڕادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بە هێزگەلی ناشارەزا، ڕوو داوە".

ناوبراو زیادی کردووە، دەوڵەت دەبێت وڵامدەر بێت کە بۆچی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابینێت.

لەلایەکی دیکەوە پچڕانی کارەبا لە وەرزی سەرمادا کاردانەوەی بەرچاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتووەتەوە و بەکارهێنەران ڕایانگەیاندووە کە ڕاگرتنی سووتاندنی مازووت و نیگەرانییەکانی دەوڵەت لە تەندروستیی خەڵک تەنیا شانۆیەکی ساختەییە و بەهۆی کەمیی گازەوە ناتوانن کارەبای پێویست دابین بکەن و لە ئاکامیشدا هەم کارەباکە دەبڕن و هەم مازووتیش دەسووتێنن.

مازووت یان هەمان نەوتی ڕەش یان نەوت کوورە، لە ڕیزی کەم نرخترین سووتەمەنییەکانە کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەیە و مەترسییەکی بەرچاو لە سەر تەندروستیی خەڵک دروست دەکات.

 لە ئێراندا بەهۆی کەمیی گازەوە بەتایبەتی لە وزەخانەکاندا ئەم مادە نەوتییە بەکار دەهێندرێت.

جێی ئاماژەیە کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسبوونی کەشوهەوا لە ئێراندا ماشینە بێ کوالێتییەکانی دوو شیرکەتی "ئێران خۆدرۆ" و "سایپا"یە کە هاوکات لەگەڵ بێنزینی بێ کوالێتیی بەرهەمی نێوخۆ زیاترین خەساریان بە ژینگە گەیاندووە.