کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری عێراقچی سەبارەت بە تەشەنەسەندنی شەڕی لوبنان بۆ ناوچەکانی دیکە

12:00 - 20 خەزەڵوەر 2724

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێوڕەسمی چلەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا هۆشداری دا لەوەی کە بەرفراوانبوونی شەڕ لە لوبنان ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکانی دیکەش.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئیسنا"، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر وەزیری دەرەوەی ئێران، لە قسەکانیدا مەدحی حەسەن نەسروڵڵای کرد، و باسی لە مەترسییەکانی بەرفراوانبوونی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئەرتەشی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی ئەم گرووپە، و جەختی لەسەر پێویستیی ئاگربەستی دەستبەجێ کردەوە.

 عێراقچی وتیشی کە پێویستە جیهان بزانێت ئەگەر شەڕەکە تەشەنە بکات، کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تەنها بە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیادا سنووردار نابێت. نائەمنی و ناسەقامگیری شتێکە کە دەتوانێ تەشەنە بکات بۆ ناوچە دوورەکانیش.

هەروەها دوای چڕبوونەوەی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ترسیان لێ نیشتووە و چەندین جار هۆشدارییان داوە کە بەردەوامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل دەبێتە هۆی شەڕ و ململانێ لە تەواوی ناوچەکەدا.

بەم حاڵەشەوە کە ئێران باس لە ئاگربەست دەکات و ترسی تەشەنەی شەڕی لێنیشتووە، دووبارە هەڕەشەی وڵامدانەوە لە ئیسرائیل دەکات و ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنی "سادقی ٣" هێشتا ماوە. بەڵام میدیاکانی ڕۆژاوایی حەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو، ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئێران کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوە ئەوان ناتوانن ئیسرائیل لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە ڕابگرن.

هەروەها شایانی باسە کە لە ڕێوڕەسمی چلەی حەسەن نەسروڵڵادا، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانیش قسەی کرد و ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەمنییەتی جیهانی ئەمڕۆ و بەتایبەتی ئورووپا قەرزاری سەرکردایەتیی نەسروڵڵایە، و حیزبوڵڵا هۆکاری ئاشتی و سەقامگیرییە.

 

ئەم قسانە لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی حیزبوڵڵای لوبنان بە بەرپرسیاری زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان، سپیکردنەوەی پارە، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاری لەگەڵ باندە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان دەزانن و ئەم گرووپە لە هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوایی لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا و ئاڵمان وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.

 

هەروەها ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسدارانیش لەم ڕێورەسمەدا ئامادەبوو کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە دەگمەن دەبینرا، ئامادەنەبوونی بۆ چەند هەفتەیەک دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا گومانی زۆری لێکەوتەوە و تەنانەت ئامادەبوونی ئەمجارەشی زۆر کەم و کورت و نائاسایی بوو