کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆحە چیتر نێوبژیوانی بۆ ڕێککەوتن و ئاگربەست لە غەززە ئەنجام نادات

12:10 - 20 خەزەڵوەر 2724

هەواڵدەریی فەرانسە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە وڵاتی قەتەر نێوبژیوانی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، ڕادەگرێت.

ئەم هەواڵدەرییە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە هێناویەتی کە قەتەر بە حەماس و ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە تا کاتێک کە دوو لایەن بە نیازباشییەوە وتووێژ نەکەن، چیتر دۆحە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست نێوبژیوانی ناکات.

سێ وڵاتی ئەمریکا، میسر و قەتەر ماوەی نزیک بە ساڵێکە لە هەوڵدان تاکوو لە ڕێگەی وتووێژەوە بارمتەکانی دەستی حەماس ئازاد بکەن و شەڕ لە غەززە ڕابگرن.

ئەم هەوڵانە بۆ ماوەی حەفتەیەک کاریگەر بوو کە لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و بۆ چەند ڕۆژێک شەڕ لە غەززە ڕاگیرا بەڵام لەو کاتەوە بەدوا شەڕەکە چەند قۆناغی تێپەڕ کردووە و زیاتر پەرەی سەندووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل باسی لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و قەتەر بۆ دەرکردنی بەرپرسانی سیاسیی حەماس لەم وڵاتە کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەم سەرچاوە، کوژرانی بارمتەیەکی بە ڕەچەڵەک ئەمریکایی _ ئیسرائیلیی دەستی حەماس و هەروەها ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکانی ئاگربەست لەلایەن دەوڵەتی بایدێنەوە، هۆکاری ئەم ڕێککەوتنەی ئەمریکا و قەتەر بووە.

جێی ئاماژەیە کە قەتەر لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢ زاینییەوە شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسانی سیاسیی گرووپی حەماس بووە.