کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەینوبەینی قوتابخانە و چاوەدێرانی پەروەردە و بار‌هێنان بۆ پارەوەرگرتن لە بنەماڵەی قوتابییان

20:36 - 12 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژنامەی "ئێعتماد" لە چاپی ئەمڕۆیدا باسی لەوە کردووە کە قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە هاوکاریی چاوەدێری پەروەردە و بارهێنان، پارەی مانگانەی خوێندن لە بنەماڵەی قوتابییان وەردەگرن.

ئەم ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە بەپێی زانیارییەکانیان هێندێک لە چاوەدێرانی ڕێکخراوی پەروەردە و بارهێنان بە قوتابخانەکانیان ڕاگەیاندووە کە ئێوە پارە لە بنەماڵەکان وەربگرن و ئێمەش بەڵێنی بەدواداچوونیان پێ ئەدەین.

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بابەتە لەلای وەزارەتی پەروەردە و ڕێکخراوی پەروەردە و بارهێنان، بابەتێکی شاراوە نییە و ئاگادارن، بەڵام بە هۆی کەمیی بوودجەوە هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن بەم کارە ئەنجام نادەن.

ڕاپۆرتەکە لە زاری مامۆستایەکی پۆلی یەکەمەوە نووسیویەتی: "هەموو ساڵێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە داوامان لێ دەکات کە لە ژێر ناوی یارمەتیدانی قوتابخانە، مانگانەی خوێندن لە قوتابییان وەربگرین چونکە قوتابخانە بۆ دابینکردنی تێچووە سەرەکییەکانیشی کێشەی هەیە".

ئێعتماد لە زاری ئەم مامۆستایەوە زیادی دەکات کە "چەند جاڕێک چاوەدێری پەروەردە و بارهێنان هاتووەتە قوتابخانە و ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەکان سەبارەت بە وەرگرتنی پارە ناڕازین بەڵام بە هۆی نەبوونی بوودجەوە ئێوە پارەیان لێ وەربگرن و ئێمەش پێیان دەڵێین کە بەدواداچوونی بۆ دەکەین".

پارە وەرگرتنی قوتابخانە دەوڵەتییەکان کە بەپێی یاسا نابێت هیچ پارەیەک لە قوتابییان وەربگرن گەیشتووەتە ئاستێک کە لە نموونەیەکدا دایکی منداڵیک بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست بۆ ناونووسیکردنی منداڵەکەی ناچار کراوە پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانەکە خاوێن بکاتەوە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "شەرق"ی ڕیژیم ٢٥ی ڕەزبەر لە زاری چەند مامۆستایەکەوە باسی لە ڕێککەوتنێک لە نێوان بەڕێوەبەری قوتابخانە و بنەماڵەکان کردبوو کە تێیدا دایک و باوکی ئەو قوتابییانەی کە پارەی مانگانەی خوێندنیان نییە، کۆمەڵێ کاری دیکە وەک خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکان ئەنجام ئەدەن.

هەواڵدەریی تەسنیم ئەم بابەتەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەبوونی بوودجەوە قوتابخانە دەوڵەتییەکان لەگەڵ کەمیی ٤٠ هەزار خزمەتگوزار بەرەوڕوو بوونەتەوە و ئەرکەکانیان کەوتووەتە سەر شانی ئەو دایک و باوکە هەژارانەی کە پارەی مانگانەی خوێندنی منداڵەکەیان نییە.