کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی عێراق: بەزاندنی سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەمان لەلایەن هەر وڵاتێکەوە قەبووڵ ناکەین

12:31 - 20 خەزەڵوەر 2724

دەوڵەتی عێراق وێڕای جەختکردنەوە لە بێ لایەنیی خۆی بەنیسبەت ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە، بەزاندنی سنووری ئاسمانیی عێراق لەلایەن هەر وڵات و لایەنێکەوە قەبووڵ ناکەین.

دەوڵەتی عێراق کە لەم دواییانەدا کەڵکوەرگرتنی خاکی وڵاتەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە مەبەستی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ڕەت کردبووەوە، دووبارە بێ لایەنیی خۆی لەو بوارەوە، ڕاگەیاند.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی میللیی عێراق، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، جەختی لەسەر هەڵوێستی لێبڕاوانەی وڵاتەکەی بەنیسبەت دژایەتی لەگەڵ هەر وڵاتێک کرد کە سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەی ببەزێنێت.

 ئەعرەجی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵەی کە باس لە کەڵکوەرگرتنی خاکی عێراق لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ هێرش لە دژی ئیسرائیل دەکات ڕایگەیاندووە، ''ئەو هەواڵانە بیانووی درۆیین و پاساوی بێ بنەمان کە تەنیا ئامانجیان پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری و تەواوتیی خاکی ئەم وڵاتەیە''.

پیشتریش، ماڵپەڕی هەواڵدەریی ''ئاکسیۆس'' بەپێی سەرچاوەیەکی زانیاریی ئیسرائیلی، بڵاوی کردبووەوە، ئەگەری زۆرە ئێران لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

هەروەها بڵاڤۆکی ''تایمزی ئیسرائیل'' پێشتر بڵاوی کردبووەوە، کە ئیسرائیل ئامانجگەلێکی لە خاکی عێراقدا دەسنیشان کردووە کە لە ئەگەری هێرشی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەو شوێنانەوە، ئەوا هێرش دەکەینە سەریان و لەو بوارەوە هۆشداریی جیدییان بە بەغداد داوە. 

هەر لەو پێوەندییەدا دوو بەرپرسی ئەمریکایی پێشتر هۆشدارییان دابوو بە عێراق، کە ئەگەر ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران بدات خاکی ئەو وڵاتە بەکار بهینێت بۆ هێرش لەدژی ئیسرائیل، ئەوا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق.