کاتێک مووشەک تەرەقەیە و چەند تاڵێکی قژ هۆکاری ڕووخاندن!
ڕەزا دانشجوو
پاش ماوەیەکی زۆر هەڕەشەکردن لە کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە، حکومەتی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەشێک لە دامەزراوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی. هەرچەندە ئەم هێرشانە وێکچووییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بارستایی هەڕەشەکانی سەرانی ئیسرائیل لە دژی ڕێژێمی دەسەڵاتی وەلایەتی فەقیهـ نەبوو، بەڵام لە زۆر ڕوانگەی تر کەموێنە و بە واتایەکی باشتر بێوێنە بوو. بێ گوێدان بە ئەو زیانانەی ئەم هێرشە بە کۆماری ئیسلامی گەیاندوە، ئەم هێرشە دوای هێرشی عێڕاقی سەدام دەبێ بە هەڵمەتێکی ڕاستەوخۆی دیکەی وڵاتێکی دەرەکی بۆ سەر ئێران دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی دابندرێت. لە ڕاستیدا دوای شەڕی ئێران و عێراق، ئیسرائیل تاکە حکوومەتە کە ڕاستەوخۆ ئێران دەکاتە ئامانج. شتێک کە نەک تەنها لە ڕووی مێژووی دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلەوە، بەڵکو لە ڕووی داب و نەریتی سیاسییشەوە هەڵگری چەند چەمکی گرینگە!
بەڵام ئەوەی لێرەدا باسی لێدەکرێت شێوەی کاردانەوەی کۆماری ئیسلامییە لە بەرامبەر هێرشی بێوێنەی وڵاتێکی بێگانەیە کە پێش هەموو شتێک دەرخەری لوتکەی داماوی و نائومێدیی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرەوەی هەموویان دیکتاتۆری ڕێژیمە. وا دیارە کە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ساتە هەستیارەدا جگە لە بێدەنگ بوون هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تر شک نابن. سەرانی ڕێژیم کە لەم جۆرە بارودۆخانەدا کێبەرکێی قسەکردنی بێمانا و خۆهەڵکێشانی بێسنووریان هەبوو و لانیکەم هەوڵیان دەدا بە یاریکردن بە وشەکان قەناعەت بە ڕای گشتی بهێنن، ئەمجارەیان لە وەرچەرخانێکی ئاشکرادا، لەبری شەرمەزارکردنی وڵاتی دەستدرێژکار، هەموو هەوڵێکیان داوە تا لەبری پێداگری لەسەر مافی تۆڵەسەندنەوە ڕەهەندەکانی هێرشەکە بشارنەوە و ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بچووک، ناکارامە و سەرنەکەوتوو نیشان بدەن!
بەیاننامەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کاردانەوە بە هێرشی ئیسڕائیل و کوژرانی چەند سەربازی ڕێژیم هەڵبەت بەپێی ئاماری خودی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە هەمیشەش نیشاندەری دۆخی دۆخی شپرێو و لاوازیی حکوومەتی ولایەتی فەقیهـ لە بەرامبەرهێرشێکی وڵاتێکی بیانییە. بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە زیاتر وەک وڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتییە و لە ڕاستیدا هەڵگری هیچ جۆرە زانیارییەکی تازە و خاوەن سەرنج نییە! ئەم نووسراوەیە لەکاتێکدا بە شێوەکی گشتی هێرشەکەی ئیسرائیل مەحکووم دەکات! هەوڵی ئەوەی داوە هێرشی ئیسرائیل بێکاریگەر، ناسەرکەوتوو و بێبەها دەربکەوێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە جگە لە ڕستەیەکی کورت، هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەسەندنەوە لەم جۆرە کاتانەدا نییە. وا دیارە ئێستا شێری خەیاڵی و بێ یاڵ و کلکی کۆماری ئیسلامی تەنانەت توانای نەعرەتە و هاوارکردنیشی نەماوە! بەڵام بۆچی بەڕاستی کۆماری ئیسلامی لە بەردەم ئیسرائیل وا بێدەسەڵاتە؟
لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل لەدژی حەماس تا ململانێ لەگەڵ حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵای لوبنان، سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەلایەن بەشێک لە شرۆڤەکارانەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ڕەخنەی لێ گیراوە وکەوتۆتە ناوەوە، بەو لێکدانەوەیەی کە سەری ئەکتۆپوس لە تاراندایە و ئیسرائیل دەبێت لەناوی ببات! ڕاستییەکە ئەوەیە ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی تر سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای ئەولەویەتەکانی خۆی دادەنێت نەک لەسەر بنەمای خەیاڵ یان خواستی کەسان و وڵاتانی تر. خاڵێک کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زۆر جار جەختی لەسەر کردۆتەوە کە وێڕای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل لەسەر بنەمای ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیانی بڕیار دەدات. لە ڕاستیدا ئیسرائیل لەبری ئەوەی هێرش بکاتە سەر سەری ئۆختاپووس، بە زیرەکییەوە لە کلک و قۆڵ و قاچەکانییەوە دەستی پێ کرد، پەکخستنی توانایی هێزەکانی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی لە فەلەستین و لوبنان زەبەرێکی کوشندە و رووخێنەر بوو لە جەستەی ڕێژێمی وەلایەتی فەقیهـ. ئیسرائیل بە ئاگاداری لە سروشتی ئەم هێزە بەکرێگیراوانە، لەبری ئەوەی بچێتە نێو شەڕێکی تەواو و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی دژایەتی حکومەتی دێموکراتەکان لە ئەمریکا و زۆرێک لە هاوبەشە ئەوروپییەکان دەبووە، سەرقاڵی لەناوبردنی زنجیرەی تیرۆری ڕێژیمی تاران بوو. دوای کوشتنی هەموو فەرماندە باڵاکانی حەماس وحیزبوڵڵا و لەنێوبردنی بەشێکی سەرەکی لە چەکەکانیان، ئێستا وەک وەزیری بەرگری ئیسرائیل وخودی نەتانیاهۆ دەڵێن، دەستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران کراوەیە.
ئێستا دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و لێپرسینەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت؟ بێگومان سازدان و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی بەوەکالەتی ڕێژیم، چ لە ڕووی فەرماندەیی و چ لە ڕووی چەکەوە، دوای ئەم شەڕە پێویستی بە کات هەیە. لێدوانی سەرکردە باڵاکانی ڕێژیم و تەنانەت بەشێک لە بەیاننامەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕێژیم بە ڕوونی باس لە ئامادەیی بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن لە غەززە و باشووری لوبنان دەکەن، ئەمە ئەو کاتەیە کە ڕێژیم پێویستی پێیەتی تا بتوانێت هێزەکانی بەوەکالەت بنیات بنێتەوە و ڕێکیان بخاتەوە.
ئەمە چیرۆکی زەلیلی و داماویی کۆماری ئیسلامییە، حکومەتێک کە تەحەمولی ناڕەزایەتیی مەدەنی و تەواو شارستانیانەی لاوانی وڵاتەکەی لە شەقامەکاندا نییە و لە دووری چەند مەترێکەوە بە مەبەستی کوشتن و کوێرکردن تەقەیان لێدەکات، ئەو ڕێژیمەی ژینای بۆ چەند تاڵە قژێک کوشت و خەون و ئارەزووەکانی هەزاران ژینا تری لەنێو برد ئێستا لە بەردەم هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتێکی بێگانەدا هیچ ڕێگایەکی تری نییە جگە لە بێدەنگ بوون! ئەو ڕێژێمەی هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتێکی بێگانە بۆ خاکەکەی وەک یاریکردن بە تەقەمەنی لە ئاهەنگی شەوی چوارشەممە سوریی پێناسە دەکات، لە کاتێکدا ساڵانێکە دەیان گەنجی بێتاوانی نەک بەهۆی تەقاندنی تەقەمەنی، بەڵکوو تەنها بەهۆی سەماکردن و ئاهەنگگێڕان و گۆرانی وتنەوە لەم ڕێوڕەسمەدا دەستگیر و زیندانی کردوە.
ئەمە ڕووی ڕاستی و سروشتی دەروونیی کۆماری ئیسلامییە، چەند تاڵەقژی کچێکی پاک و بێتاوان، بناغەی حکومەتەکەی دەلەرزێت و قیژەی دەگاتە ئاسمان! بەڵام بەرامبەر بەرکەوتنی بۆمب و مووشەکی وڵاتێکی بیانی لە پایتەخت و لە هەستیارترین خاڵە سەربازییەکانیدا کەڕ،گوێ گران، لاڵ و بێزمانە! سەرسوڕهێنەرە، کاتێک مووشەک تەرەقەیە وچەند تاڵێکی قژ هێما و هۆکاری ڕووخاندن! کۆماری داماویی ئیسلامی!