سێ بەندکراوی سیاسیی عەرەب کە پیشتر لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوون، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی سپیداری ئەهوازدا مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کاروون" سێ بەندکراوی سیاسیی عەرەبی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بە ناوەکانی "عەلی موجەدێم"، "موعین خەنفەری" و "محەممەدڕەزا موقەدەم" بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بەردەوامیی زیندانیکردنیان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی سپیداری ئەهواز، مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە ٢٤ی ڕەزبەرەوە لە زیندانی "شەیبان"وە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی "سپیدار" گواستراونەتەوە و دوای مانگرتنیان لە خواردن دۆخ و باری جەستەیییان تێک چووە.
کاروون ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی ئەو سێ زیندانییە گواستراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، تا ئێستا نەیانتوانیوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.
لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەر، ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ "عەدنان غەبیشاوی"، هاووڵاتییەکی دیکە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان لە زیندانی شەیبانەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی سپیدار گوازراونەتەوە.
ئەوان لە دادگای ڕێژیمدا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی "حەرەکەتونەزال" و کوشتنی دوو چەکداری بەسیجی لە ئابادان و کارمەندێکی پۆلیسی ئینتزامی و سەربازێک لە بەندەری خومەینی تۆمەتبار کراون.