کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار چەکداری ڕێژیمی ئێران لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژران

19:14 - 20 خەزەڵوەر 2724

لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل دژی بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ٤ چەکدار کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لی دەکات لە سووریە کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا  بۆ سەر ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زانستی و کۆگاکان لە نزیک "سەفیرا" لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ٤ سەربازی سەر بە کۆماری ئیسلامی کوژراون.

هەروەها لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "سەراقب" لە پارێزگای ئێدلێب کەسێکی دیکەش کوژراوە.

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆییە زیادی کردووە کە لەم هێرشانەدا ئیسرائیل دوو بارەگای هێزەکانی حکوومەتی سووریەشی کردووەتە ئامانج کە شوێنی جووڵەی هێزەکانی حیزبوڵڵا بوون.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی "سانا"، سەر بە ڕێژێمی بەشار ئەسەد، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب و پێگە سەربازییەکانی لە حەلەب و ئێدلێب، جگە لە زیانی ماڵی و گیانی، چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.

شایانی باسە، دوای پەرەسەندنی گرژی و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژێمی تارانەوە پشتیوانی دەکرێن، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی ئەم گرووپە لە سەر سنوورەکانی سووریە و لوبنان زیاد کردووە کە بە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی دابینکردنی چەک بۆ حیزبوڵڵا دادەنرێت.