کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەردانی ئێران دەکات

19:21 - 20 خەزەڵوەر 2724

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر بڵاویان کردەوە کە ڕافائێل گرووسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو سەردانی ئێران دەکات و ڕۆژی دواتر دەست بە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەکات.

ڕافائێل گرووسی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی ناکۆکی ناوکی ئێران سەفەری تاران بکات و ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکات لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کار بکات.

گرووسی پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ئێران هەندێک نیشانەی لە خۆی نیشان داوە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان.

گرووسی وتی لە نێو ئەو پرسە لەمێژینەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و زلهێزەکانی ڕۆژاوا دەتوانین ئاماژە بە ڕێگریکردنی ڕێژیم لە هاتنی شارەزایانی پیتاندنی ئۆرانیۆم بکەین.

سەردانەکەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران لەکاتێکدایە کە کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادینی لوبنانی لە ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشە بێتەوە، ئەوە دوکتۆرینی ئەتۆمی خۆی دەگۆڕێت.

لە ئەمساڵدا ئەمە دووهەم جارە کە ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی جەخت لەسەر ئەگەری گۆڕینی دوکتۆرینی سەربازی و ئەتۆمی ئێران دەکاتەوە.

ئێران لە ساڵی ٢٠١٩وە چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاد کردووە، ئەمەش دوای ئەوە بوو کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا پێکی هێنابوو، کشایەوە و سزای توندی ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپا.

لەو کاتەوە تا ئێستا تاران سەرقاڵی پیتاندنی ئۆرانیۆمە تا ڕێژەی ٦٠ لەسەدە کە ڕێژەکەی ٩٠ لەسەدی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمە و بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران ئەوەندەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە کە بتوانێت نزیکەی چوار بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.