کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی سەوزی ئاڵمان: هەنگاوی دواترمان ڕاگەیاندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە

20:41 - 12 خەزەڵوەر 2724

دوابەدوای لەسێداردانی جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی دوو ڕەگەزنامەیی ئێرانی_ئاڵمانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە هەموو نووسینگەکانی کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتە دادەخات.

هانا نۆیمەن، بەرپرسی بەشی کاروباری ئێران لە پارلەمانی ئورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە کاردانەوە بە داخستنی سێ کۆنسولگەریی کۆمای ئیسلامی لە وڵاتەکەیدا وتی: وەحیشگەریی کۆماری ئیسلامی دەبێ ئاسەوارێکی بەدواوە بێت و ئاسەواریشی بەدواوەیە.

نۆیمەن کە ئەندامی حیزبی سەوزی ئاڵمانیشە، جەختی کردوەتەوە کە هەنگاوی دواتر، ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم وەکوو ڕێکخراوێکی تێڕۆریستییە.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە کە هەموو وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لەمبارەوە پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە.

هەوڵی داخستنی کۆنسولخانەکانی ڕێژیم لە ئاڵمان دوابەدوای ئەوە ڕووی دا کە هەواڵدەریی "میزان" میدیای فەرمیی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، باسی لە لەسێدارەدرانی "جەمشید شارمەهد" هاووڵاتیی دوو ڕەگەزنامەیی ئێرانی_ئاڵمانی کرد.

بە وتەی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ڕفێندراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی پلانداڕشتن و ڕێنوێنیی کردەوە تێرۆریستییەکان" سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە لە سێدارە درا.

ڕێژیمی ئێران ئەم هاووڵاتییە دوو ڕەگەزنامەییەی بە کردەوەی تێرۆریستی وەک تەقینەوە لە حسەینییەی شیراز لە ساڵی ٨٧ تۆمەتبار کرد کە کوژرانی ١٤ کەسی لێ کەوتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە پێشتریش ئەم کردەوەی ڕێژیمی مەحکووم کردبوو، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٨٧ـەوە، بە جەمشید شارمەهدەوە ڕێژیم تاکوو ئێستا ٧ کەسی بە بیانووی تەقینەوە لە حسەینییەی شێراز لە سێدارە دراوە کە بێتاوانببوونیان ڕوون و ئاشکرا بووە.

لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، شەپۆلێکی نوێ لە ئاڵۆزییەکانی لە نێوان ئێران و ئاڵماندا بە دواوە بووە.