وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاند کە بێنیامین نێتانیاهوو بەرپرسیارەتیی فەرمانی تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵای گرتووەتە ئەستۆ.
ئەمە یەکەم جارە کە ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی و لە باڵاترین ئاستدا بەرپرسیارەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەگرێتە ئەستۆ.
لە ڕابردوودا سەرەڕای ئەوەی کە هەموو نیشانەکانی بەرپرسیارەتیی ئیسرائیل لەم چەشنە هێرشانەدا دیار بوون، بەڵام ئەم وڵاتە بەشێوەی فەرمی بەرپرسیاربوونی خۆی ڕانەدەگەیاند.
جیا لە تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵا کە بوو بەهۆی کوشتنی دەیان کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار ئەندامی ئەم گرووپە، ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵا، سەرەڕای ناڕازیبوونی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە فەرمانی بێنیامین نێتانیاهوو ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە و چەند سەرچاوەی دیکە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی وڵاتەکەیدا ئەم قسانەی کردووە.
بێنیامین نێتانیاهوو لە ڕۆژانی ڕابردوودا یوئاو گاڵانت وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیلی لە کابینەی دەوڵەتەکەی لا برد.
وێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم لابردنە، ناڕەزایەتییەکانی گاڵانت سەبارەت بە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بووبێت.
نێتانیاهوو لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە هەبوونی گاڵانت پێشی بە ڕەوتی بەڕێوەبردنی شەڕکەی دەگرت.
لە ئێستادا وێدەچێت بە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ، دەستی بێنیامین نێتانیاهوو بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە دڵخوازەکانی بەتایبەتی لە بەرەوڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاوەڵاتر لە ڕابردوو بێت.