ڕەزا سپەهوەند، ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە لێداونێکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر مازووت نەسووتێنرێت، تاکە ڕێگە، پچڕانی کارەبا و گازی ماڵان و پیشەسازییە".
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"، سپەهوەند، وتوویەتی کە بەهۆی کەمیی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای وزەخانەکان، دەوڵەت بڕیاری پچڕانی کارەبای بەردەوامی لەبری سووتاندنی مازووت داوە.
ناوبراو باسی لەوە کردووە، بەهۆی ناتەرازییەکان لە کەرتی وزە، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی گازدا نەبێت، سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا لە سەرچاوەی ترەوە دابین بکرێن، یەکێک لەو سەرچاوانە مازووتە.
مازووت یان "نەوتی کوورە"مادەیەکی نەوتییە کە دوای پاڵاوتنی نەوتی خام، نەفتالین، بێنزین و نەوتی سپی بەدست دێت و وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ دێتە ئەژمار.
ئێران لە ١٤ وێستگەی کارەبای ئەو وڵاتە مازووت دەسوتێنێت. ئەم گۆڕانکارییە لە سووتەمەنیدا لە زۆر ناوچەی ئێران بووەتە هۆی پیسبوونی زۆری هەوا.
سپەهوەند هەروەها سەبارەت بە کڕینی گاز لە تورکمانستانەوە وتی: "دەبێت گاز هاوردە بکەین، بەڵام بەداخەوە لەم وەرزەی ساڵدا تورکمانەکان نرخی گاز بەرز دەکەنەوە، ئەمەش بۆ ئێمە بەقازانج نییە، پێویستە بەڕێوەبەرانی سەرەوە سەبارەت بەم بابەتە بیر بکەنەوە.
ناوبراو لە وڵامی ئەوەیکە ئایا ئەگەر ڕەوتەکە وەک خۆی لە زستاندا ڕووبەڕووی پچڕانی گاز دەبینەوە بێت، وتی: ''پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە.''