کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا ٢٠ ساڵی دیکە گەشەی حەشیمەتی کۆمەڵگەی ئێران دەگاتە سفر

11:47 - 21 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە پرسی سەرەکیی ئەم وەزارەتە لە دەوڵەتی ١٤دا، پرسی جەوانیی کۆمەڵگایە، هۆشداری دا کە لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوتی ئێستا و زیادبوونی ڕێژەی مردن و کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون، تا ٢٠ ساڵی داهاتوودا گەشەی حەشیمەتی کۆمەڵگای ئێران دەگاتە سفر.

ناوبراو ڕایگەیاند ساڵانە بە گشتی نزیکەی ٤٥٠ هەزار حاڵەتی مردن لە وڵاتدا بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕوو دەدات، لە کاتێکدا ژمارەی لەدایکبوون لە وڵاتدا دەگاتە یەک ملیۆن کەس لە ساڵێکدا.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕاگەیەندراوە کە ساڵانە ٥٥٠ هەزار کەس بە حەشیمەتی ئێران زیاد دەبن و لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی منداڵبوون لەو وڵاتە، پێشبینی دەکرێت لە هەر سێ ئێرانییەک تا ١٧ ساڵی دیکە یەکێکیان بەساڵاچوو بێت و تا ٢٠ ساڵی داهاتوودا ئاماری لەدایکبوون و مردن یەکسان بێت و گەشەی کۆمەڵگای ئێرانیش بگاتە سفر.

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پیریی کۆمەڵگا لە ئێراندا وتی تا وڵات بەتەمەنتر بێت، هێزی کاری گەنج کەمتر دەبێت و ڕێژەی مردنیش زیاتر دەبێت.

جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە پرسی گەنجی و جەوانی کۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵات و ڕێکخراوەکانەوە بە جیددی وەربگیرێت و ڕایگەیاند ئێمە تاکە وڵاتین لە جیهاندا کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ئەم دۆخەمان بینی و لە شەش منداڵییەوە گۆڕاوین بۆ کەمتر لە سێ منداڵ لە ناو بنەماڵەکاندا.

ناوبراو وتی لەباربردنی منداڵ پرسێکی گرینگە و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایشدا قەدەغەیە. ئێمە لە ئێران لەباربردنی یاساییمان هەیە و بەو پێیەی لەباربردنی منداڵ لە وڵاتدا زۆرە، پێویستە خەسارناسی بۆ ئەم بابەتە بکرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە توێژینەوەیەک کە لە زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی کرمان و ئەراک سەبارەت بە هۆکارەکانی لەباربردنی منداڵ ئەنجام دراوە، ڕایگەیاند: ٤١ لەسەدی لەباربردنەکان پەیوەندییان بە نەویستنی منداڵی زیاترەوە هەیە و ٢١ لەسەدی بەهۆی کێشەی ئابوورییە، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی لەباربردنی منداڵ لەو ژنانەدا کە مێردەکانیان بێکارن یا کاری وەرزی و ئازادیان هەیە، زۆرتر دەبینرێ.