لە درێژەی عەمەلیاتەکانی چالاکانی بەلووچ لە دژی پێگە و هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەلووچستان، ٥ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لە سەراوان کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵی "حاڵ وەش"، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، دوابەدوای هێرشی کەسانی چەکدار بۆ سەر بنکەی سپای پاسداران لە ناوچەی "سیرکان"ی سەراوان، ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بە گێڕانەوە لە زاری پێوەندییە گشتییەکانی بنکەی قودسی سپای پاسدارانەوە، هەواڵی کوژرانی پێنج کەس لە هێزەکانی بەسیجیان لە شاری سەراوانی بەلووچستان ڕاگەیاند.
حاڵ وەش ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەم عەمەلیاتە، دڕۆنە سیخوڕی و نیزامییەکانی ڕێژیم بەسەر ئاسمانی شاری سەراواندا فڕیون.
هەر لەو پێوەندییەداهەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاند کە پاسدار سەعید پەروین نژاد، یەکێک لە ئەفسەرانی سپای پاسدارانە کە ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەر لە کاتی هێرشی ڕێکخراوی "جەیشو ئەلعەدل" بۆ سەر کاروانی مەشق و ڕاهێنانی سپای پاسداران لە فیرۆزئابادی ڕاسک، کوژراوە.
ڕێکخراوی جەیشولعەدل وێڕای وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە و گیانلەدەستدانی چوار کەس لە ئەندامەکانی خۆی، ڕایگەیاند کە ١٢ کەس لە هێزی سەربازیی ڕێژیم کوژراون و بریندار کراون.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێکخراوی جەیشولعەدل هێرشەکانی بۆ سەر پێگە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران چڕتر کردووەتەوە و لەم هێرش و پێکدادانانەدا، خەسارێکی زۆری ماددی و مرۆیی بە کۆماری ئیسلامی گەیاندووە.